ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانى: ئیداره‌ى تره‌مپ له به‌رژه‌وه‌ندی كورد فشارى خستووه‌ته سه‌ر حكوومه‌تى به‌غدا
ڕۆژنامه‌ى 'فاینینشال تایمز'ى به‌ریتانى، له‌سه‌ر زارى هیدز ناورت، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، بڵاویكرده‌وه: "ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركووك به‌هه‌نگاوێكی دیكه‌ى گرنگ له هه‌وڵه‌كانى واشنتۆن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌نارده نه‌وتییه‌كانى ئێران، داده‌نرێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه واشنتۆن وه‌ك بژارده‌یه‌كی هاوكار بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى نه‌وتى جیهانى به‌هۆى سزاكانى سه‌ر ئێران، ته‌ماشاى كێڵگه‌كانى نه‌وتى كه‌ركووك ده‌كات.
ڕۆژنامه به‌ریتانییه‌كه ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه، كه ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا، فشارى خستووه‌ته سه‌ر حكوومه‌تى به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركووك ڕێك بكه‌وێت.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ركووك كه‌وته ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه و به‌و هۆیه‌وه سه‌دان پێشمه‌رگه و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره بوون.
دواى ئه‌و خیانه‌ته ڕێككه‌وتنى ژێر به‌ژێر بۆ فرۆشتنى نه‌وتى كه‌ركووك كرا و ڕۆژانه 30 هه‌زار لیتر نه‌وتى كێڵگه‌كانى كه‌ركووك به تانكه‌ر ده‌درایه ئێران و له‌به‌رامبه‌ردا ئێران له باشووره‌وه نه‌وتى به عێراق ده‌دایه‌وه.
bas news -
