ڕێڤینگ ھروری: ھەرکاتێک لایەنەکان ڕێک کەوتن پەرلەمان کۆ دەبێتەوە

	 ڕێڤینگ ھروری: ھەرکاتێک لایەنەکان ڕێک کەوتن پەرلەمان کۆ دەبێتەوە
سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، لەم حەفتەیەدا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوان لایەنەکاندا بەڕێوە دەچێت و ھەرکاتێک گەیشتنە ڕێککەوتن پەرلەمان بۆ دیاریکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی کۆ دەبێتەوە. ئاماژەیشی دا، ئەو سکاڵایەی لەسەر ئەو تۆمار کرابوو ئەنجامی نابێت، چونکە یاسا ڕێگەی بە ئەوان داوە کۆبوونەوە بە کراوەیی بهێڵنەوە."



ڕێڤینگ ھروری، سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا بە فەرمی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دیاری نەکراوە، بەڵام لەم ھەفتەیەدا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان پارتی لەگەڵ لایەنەکان بەڕێوە دەچێت و ھەرکاتێک لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی گەیشتنە ڕێککەوتن ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە ببەین، بۆیە چاوەڕێی ڕێککەوتنی لایەنەکان دەکەینن."



ڕێڤینگ ھروری گوتیشی: "ڕاستە سکالایەک لەسەر ئەوان تۆمار کراوە لەبارەی ھێشتنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە کراوەیی و سکاڵاکە بەدەست ئێمە گەیشتووە و پارێزەری خۆمان بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپاردووە و ئەویش باسی لەوە کرد، سکاڵاکە زۆر بێسەروبەرە و ھیچ شێوەیەکی یاساییی پێوە دیار نییە، بۆیە ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا ڕێگە بە ئێمە دراوە و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش ئەو داواکاریەیان کردووە."
kdp -
Top