ئاسایشی یەکێتی دووبارە هەڵدەکوتێتە سەر بارەگایەکی سەر بە پەکەکە

 ئاسایشی یەکێتی دووبارە هەڵدەکوتێتە سەر بارەگایەکی سەر بە پەکەکە
بەپێی زانیاریی پەرلەمانتارێکی گۆڕان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دیسان ئاسایشی یەکێتی لە کەلار هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای تەڤگەر و ڕیگرییان لە سەردانی خەڵک بۆ ناو بارەگاکە کردووە.

شیرین کاوە گەرمیانی، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەمبارەوە لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، "ئێستا دیسانەوە ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر بارەگەی تەڤگەری ئازادی لە کەلار بۆ داخستنی بارەگاکە و بەندەش دوای ئاگادار کردنەوەم رۆیشتم، بەڵام بەداخەوە ئاسایش وتیا ئەمرمان پێ کراوە ڕێگەت پێ نەدەین سەردانیان بکەی".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "بۆ لێکۆڵینەوە دوای پەیوەندیکردنم بە بەرێوەبەری ئاسایش ئەویش بەهەمان شێوە ڕەتی کردەوە کە سەر دانی هەڤاڵانی ناو بارەگای تەڤگەری ئازادی بکەم".

دوای بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی وکردستان بۆ داخستنی بارەگاکانی "تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان" لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی، لە شارەکانی سلێمانی، کۆیە و کەلار بارەگاکانیان داخران و ئەمەش کاردانەوەی توندی لایەنگرانی پەکەکەی لێ کەوتەوە و لە پەرچەکردارێکدا هێزەکانی پەکەکە دوێنێ لە ناحیەی سنونێی سەر بە شنگال هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی یەکێتیی نیشتمانی و وێڕای هێنانەخوارەوەی ئاڵای ئەو حزبە، بۆ چەند کاتژمێرێک دەستیان بەسەر ئەو بارەگایەدا گرت.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم بڕیار و هەڵوێستەی یەکێتی بۆ داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر لە پارێزگای سلێمانی بۆ بەدەستهێنان و ڕازیکردنی دڵی تورکیایە، دەنا یەکێتی ساڵانێکە خۆی بە هاوپەیمان و لایەنگری پەکەکە دادەنێت و بەم شێوەیە موزایەدی نیشتمانپەروەری بە خەڵک دەفرۆشێتەوە.


پێشتر قوباد تاڵەبانی بڕیاری داخستنی ھەموو بنکە و بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانی سەر بە پەکەکەی دابوو، بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن.

(باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کردووە کە بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی بەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی نهێنییە کە لە نێوان یەکێتی و تورکیا لە ڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە 35 بارەگای پەکەکە لە سنووری سلێمانی دادەخرێن.













باسنیوز
Top