دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکان پێکهێناوە

 دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکان پێکهێناوە
لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی 97ـەمین خولی لیژنەی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستیی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان كە لەڕۆژی 29/11/2018، لە كۆشكی ویلسن لە جنێڤ بەسترا، تیایدا کە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم و لایەن و وەزارەتەپەیوەندیدارەكان، هاوشان لەگەڵ شاندێكی حكومەتی فیدراڵی بە سەرۆكایەتی حوسێن جاسم ئەلزهێری بریكاری وەزیری داد و وەزارەتی دەرەوە و نێردەی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان و نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵ.

دیندار زێباری لە دەستپێكی کۆبوونەوەکەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە بارەی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی و وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ پاراستنی مافی گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم، لەوانەش پێشوازی كردنی هەرێم لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كە لە 39 كەمپ و بەشێكی دیكەشیان لە شارەكان نیشتەجێن، لەم ژمارەی ئاوارانە نزیكەی 139 هەزاریان لە برا كریستیانەكان و ز یاتر لە(250) ئێزیدی و پێكهاتەكانی تری وەك عەرەب، شەبەك، كاكەیی و صابیئە و گشت پێكهاتەكانی تریش.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا زێباری ئاماژەی بە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم كرد بۆ رزگاركردنی ئێزیدییە رفێندراوەكان و وتی: حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی بۆ ئازادكردنیان پێكهێناوە و تا ئێستا 3334 كەسیان ئازادكراون، هەروەها تا ئێستا 71 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان دۆزراوەتەوە كە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە كوژراون و 69 مەزار و شوێنی ئایینیان تێكدراون، تا ئێستاش هەوڵەكان بەردەوامن بۆ رزگاركردنی ئەوانەی بێسەروشوێنن.

سەبارەت بە خوێندنی زمانی پێكهاتە ئایینییەكان رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: لە كوردستان پێكهاتەكانی سریانی و توركمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی تایبەت بە خۆیان هەیە و لەو چوارچێوەیەدا 21 قوتابخانە بە زمانی توركمانی و 56 قوتابخانە بە زمانی سریانی هەیە، هەروەها لەو ناوچانەی كە ئێزیدییەكان تێیدا زۆرینەن وانەی ئێزیدیاتی دەخوێندرێت لە قۆناغی یەك تا دوازدە، لەلایەكی دیكەوە لە بواری چاپەمەنی حكومەتی هەرێم رێگری لەو كتێب بڵاوكرانەوە گرتووە كە هانی توندوتیژی دەدەن، هەروەها 1800 وتاربێژ رێزیان لێگیراوە، چونكە هانی پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانیان داوە لە وتارەكانیان.لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا "زێباری وتی: "ئێستا لە كوردستان 127 كڵێسا و 34 مەزاری ئایینی تایبەت بە كریستیانەكان هەیە و حكومەتی هەرێم پارێزگارییان لێدەكات.

مافی كرێكارانی بیانی بەشێكی وتەكەی دیندار زێباری بوو و لەو رووە وتی: ئێستا لە كوردستان 49317 كرێكاری بیانی لە كوردستان كار دەكەن و حكومەتی هەرێم هاوكارییان دەكات وەك كرێكارانی خۆماڵی و سیستمی ڤیزای ئەلیكترۆنی تەرخان كراوە بۆ كارئاسانی كردن بۆیان و چەندین لیژنەش پێكهێنراوە بۆ چارەسەركردنی گرفت و ئاستەنگەكانیان.

لەبارەی پاراستنی مافی ئافرەتان دیندار زێباری لە وتارەكەیدا وتی: گشت ئەو یاسا و رێنماییانەی خستەروو كەبۆ بەرژەوەندی ئافرەتان لە كوردستان بەركارن لەوانە یاسای كۆتای نوێنەرایەتی ئافرەتان كە لە 30%ی تێپەڕ كردووە لەگەڵ رۆڵی ئافرەت لە بواری دادوەری، هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر بووە لەو بوارە چونكە دەیان ئافرەت لەو بوارەدا رۆڵیان هەیە لەوانە 49 داواكاری گشتی، 30 دادوەری ئافرەت لە دادگاكانی تێهەڵچوونەوە لە هەرێم، 94 لێكۆڵەری دادوەری و 289 یاریدەدەری لێكۆڵەری دادوەری ئافرەت لە هەرێم دامەزراون و زیاتر لە 150 رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی تایبەت بە ئافرەتان بوونیان هەیە.

سەبارەت بە رۆڵی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا زێباری ئاماژەی بە رۆڵی پێشمەرگە كرد كە 1814 پێشمەرگە شەهید بوون و 10725 بریندار بوون و بەشی هەرەزۆری ئەم قوربانیانە بۆ رزگاركردنی خەڵكی ئەو ناوچانە بوون كە لە پێكهاتەكانن وەك دەشتی نەینەوا، كەركوك، دیالا و ناوچەكانی دیكە كە كەوتنە بەر هێرشی داعش، هەر لەو رووەوە توانرا لە كۆی 250 رفێندراوی كریستیان لەلایەن داعش، 174 لەو رفێندراوانە بە هیمەتی هێزی پێشمەرگە رزگار كراون، هەروەها لە نێوان ساڵانی 2014 و 2016 زیاتر لە 2652 تیرۆریستی داعش یان هاوسۆزانی داعش لە ناوچە رزگاركراوەكان كە دانیشتوانی زیاتر پێكهاتە ئایینییەكان تێیدا نیشتەجێن، لەوانە 1100 كەسیان حوكمدراون و 870 كەسیان ئازاد كراون و 682ی گیراون لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

لە كۆتایی وتەكەیدا زێباری باسی لە بەشداری كردنی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسی لە هەرێم كرد و وتی: لە ساڵی 1992 دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی كوردستان كۆتای پێكهاتەكان بریتی بوو لە پێنج كورسی بۆ كۆتای كریستیانەكان ، بەڵام لە ساڵی 2005 ئەم رێژەیە زیاد كرا بۆ 11 كورسی، پێنج بۆ توركمان و پێنج بۆ كلدوئاشور و یەكیان بۆ ئەرمەن.

شایەنی باسە ئەندامانی لیژنەی نەهێشتنی رەگەزپەرستی كە بەشداربوون لە كۆبوونەوەكە و چاودێری جێبەجێكردنی رێكەوتننامەكە لە عێراق پێكدێن لە 18 وڵات كە پسپۆری بواری یاسای نێودەوڵەتی و پابەندبوونی وڵاتانی ئەندامی رێكەوتننامەكەن.













خليل بله يى
Top