سەرکردەیەکی یەکێتی: نابێ خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێرشکردنە سەر تورکیا بەکار بھێندرێت

 سەرکردەیەکی یەکێتی: نابێ خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێرشکردنە سەر تورکیا بەکار بھێندرێت
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە نابێ خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێرشکردنە سەر ئێران و تورکیا، بەکار بھێندرێت.

غەیاس سورچی، گوتەبێژ و کارگێڕی مەڵبەندی مووسڵی یەکێتی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، حزبەکەی دەیەوێ بەڕووی وڵاتاندا بکرێتەوە، لەنێویاندا ئێران و تورکیا.

غەیاس سورچی ھەروەھا ڕای گەیاندووە، نابێ ھێزکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێرشکردنە سەر تورکیا و ئێران بەکار بھێنن، جەختیشی کردووەتەوە: ”بەکارھێنانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان رەت دەکەینەوە“.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، لەبارەی ھێرشی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەر بارەگایەکی حزبەکەی لە شارەدێی سنوونێ لە سنووری شارۆچکەی شنگال، ڕای گەیاندووە، ئەو ھێرشە ”ترسنۆکانەیە و بۆ ئیستیفزازکردنی یەکیتییە“.

رۆژی ھەینی ٣٠/١١/٢٠١٨، چەند کەسێکی سەر بە پەکەکە دژی بڕیارێکی قوباد تاڵەبانی، کوڕی سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی، چوونە سەر بارەگای یەکێتی لە سنوونێ و ئاڵای ئەو حزبەیان داگرت و ئاڵای عێراقیان بەرز کردەوە.

پێشتر قوباد تاڵەبانی بڕیاری داخستنی ھەموو بنکە و بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانی سەر بە پەکەکەی دابوو، بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن.

(باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کردووە کە بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی بەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی نهێنییە کە لە نێوان یەکێتی و تورکیا لە ڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە ٣٥ بارەگای پەکەکە لە سنووری سلێمانی دادەخرێن.












باسنیوز
Top