پارتی زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەنجام دەدات

 پارتی زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەنجام دەدات
پارتی دیموکراتی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدات و هەوڵدەدات سەرەتا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکرێتەوە و لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکوومەت نەکرێنە یەک پاکێج.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر هیچی پێشوەختە نەیەتە پێشەوە، ئەگەر زۆرە لەم هەفتەیەدا شاندەکەی پارتی خولێکی سەردانەکانی بۆ لای لایەنەکان دەست پێ بکاتەوە. ڕوونیشی کردەوە کە بە دیاریکراوی سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشکرای کرد کە بەرنامەکە ئەوەیە، بابەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەم کۆبوونەوانەدا یەکلا بکرێتەوە و ”بە حکوومەتەوە نەبەسترێتەوە“. ڕوونیشی کردەوە: ”سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەبێت هەڵبژێردرێت، ئینجا کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران ڕاسپێردرێت. بۆیە ناکرێ هەدوو سەرۆکایەتییەکە بکرێنە یەک پاکێج“.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بڵند ئیسماعیل جەختی لە داواکارییەکەی هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان و تورکمان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردەوە کە هەرسێ لایەن داوای دەکەن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەیەوێت سەرۆک وەزیران دوو جێگری هەبێت. گوتیشی: ”یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە دەوەستێتە سەر گفتوگۆکان“.













باسنیوز
Top