سەفین دزەیی: تورکیا داوای کردووە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە ئەنقەرە بکرێتەوە

 سەفین دزەیی:  تورکیا داوای کردووە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە ئەنقەرە بکرێتەوە
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لە هەواڵێک لەبارەی کردنەوە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری تورکیا دەکاتەوە.


تورکیا داوای کردنەوەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و سەرچاوەیەکیش لە پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا ئاشکرای کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگھێشتی تورکیا دەکرێت و ئەگەریش هەیە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە ئەنقەرە بکرێتەوە.



دوای هەفتەیەک، سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە حکوومەتی تورکیا بە فەرمی، دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو داوایەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەوکاتە بەهۆی ڕەوشی داراییەوە، نەتوانراوە نوێنەرایەتییەکە بکرێتەوە.



دزەیی بۆ کەناڵی (ڕووداو) باسیشی لەوە کردووە کە کردنەوەی نوێنەرایەتیی حکوومەت بۆ کاتێکی گونجاو دواخراوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە باشتر ببن. جەختیشی کردووەتەوە: ”کردنەوەی نوێنەرایەتی لە ڕووی سیاسی و بواری دیکەشەوە، وەرچەرخانێک دەبێ و گرنگی هەیە، بۆیە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەپێویستی زانیوە لە کاتێکی گونجاودا نوێنەرایەتییەکە بکرێتەوە“.














باسنیوز
Top