حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە 97مین خولی كۆبوونەوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە 97مین خولی كۆبوونەوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی
لە رۆژانی 29-30/11/2018 كۆبوونەوەكانی 97مین خولی لیژنەی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستیی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە جنێڤ ببەسترێت كە تایبەتە بە خوێندنەوە و تێبینی و سەرنجی وڵاتانی ئەندام رێكەوتننامەكە بە راپۆرتی ئامادەکراوی عێراق.
لەم كۆبوونەوانەدا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بەشدارە و تێیدا گشت هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لەو بارەی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی و ئەو یاسا و بڕیار و رینمایی و هەنگاوە كرداریانەی هەرێم دەخاتە روو كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو نراون.
لەم بوارەوە د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن وتی: خولی (97)مین كۆبوونەوەكانی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە رۆژانی 26/ نۆڤەمبەر تاكو 14ی دیسێمبەری 2018 بەردەوام دەبێت و رۆژانی 29 و 30ی نۆڤەمبەر تەرخان كراوە بۆ گفتوگۆ كردنی راپۆرتی عێراق كە تێیدا وڵاتانی ئەندامی رێكەوتننامەكە تێبینی و سەرنجەكانیان سەبارەت بە راپۆرتی عێراق دەخەنە روو و شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو كۆبوونەوانە بەشدار دەبێت.
سەبارەت بە بەشداری كردنی شاندی هەرێمی كوردستان دیندار زێباری وتی: ئێمە وەك شاندی هەرێمی كوردستان گشت هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەین بۆ پتەوكردنی بنەماكانی یەكسانی بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاوارە و پەنابەران، منداڵان، ئافرەتان، مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، تاوانەكانی داعش، هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گێڕانەوەی خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان و قەرەبوو، ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ رزگاركردنی ئێزیدییە رفێندراوەكان، مافی كرێكاران و كرێكارانی بیانی و چەند تەوەرێكی دیكە كە لە میانەی گفتوگۆكاندا باس دەکرێن.
دیندار زێباری لە بارەی گرنگی بەشداری كردنی شاندی هەرێم لە گفتوگۆكانی ئەم خولەی لیژنەی نەهێشتنی رەگەز پەرستی وتی: لە ئێستادا بەشداری كردنی هەرێم لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا گرنگییەكی زۆری هەیە و لایەنە نێودەوڵەتییەكان راپۆرتەكانی عێراق بە ناكامڵ وەسف دەكەن بەبێ بەشداری كردنی هەرێم، چونكە ئاشكرایە كە هەرێم لەو رووەوە هەنگاوی ئەرێنیی زۆری ناوە بە ئامانجی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە ،مەزهەب، رەنگ یان لەسەر بنەمای رەگەز ئەمەش خۆی لەو یاسا و رێنماییەدا دەبینێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان كاریان پێدەكرێت لە چوارچێوەی پابەند بوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و باوەڕ بوون بە بنەماكانی یەكسانی و پتەوكردنی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان گشت پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی هەرێم و وتی: یەكێك لە سەروەرییەكانی حكومەتی هەرێم بریتییە لە پێشوازی كردن و كردنەوەی دەرگا بەرووی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەری سوری كە لە دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سوریا و عێراق روویان لە هەرێم كرد و حكومەت هەوڵیدا گشت پێداویستییەكانیان دابین بكات بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای نەتەوە یان ئایین یان رەگەز ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە بۆ نەهێشتنی رەگەزپەرستی لە هەرێم، هەروەها یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانمان باس كردنی ناوچەكانی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق و گەڕانەوەی خەڵكی ئەم ناوچانە دەبێت بەتایبەتی خەڵكی دوزخورماتو و كەركوك كە شوێنەكانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەی کوردستان بوون.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا دیندار زێباری ئاماژەی بە رێكەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەكانی رەگەزپەرستی كرد و وتی: ئەم رێككەوتننامەیە لە ساڵی 1969 كەوتۆتە بواری جێبەجێكردن بەپێی بڕیاری كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و لیژنەی نەهێشتنی رەگەزپەرستی بریتییە لە دەستەیەكی شارەزا لەو وڵاتانەی رێككەوتننامەكەیان پەسەند كردووە ولە چەندین پسپۆر و شارەزا و سەربەخۆ پێكدێت.
Top