پۆلیسی هەولێر لەبارەی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییەوە هۆشداری دەدات
ڕائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە مێدیاكانی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2017دا 325 سكاڵا لەسەر خراپبەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندی تۆمار كراون و، تا 31ی 10ی ئەمساڵیش، 119 هاووڵاتی سكاڵایان تۆمار كردووە.
وەك ڕائید هۆگر ئاماژەی بۆ كرد، خراپبەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە و گوتیشی: "داوا لە هاووڵاتیان دەكەین نەكەونە داوی كەسانی هاكەرزەوە و سكیوریتیی ئەكاونتەكانیان پتەوتر بكەن و ئیمەیڵەكانیشیان زوو زوو بكەنەوە، چونكە لە ڕێگەی ئیمەیڵ و ژمارە مۆبایلەوە هاك دەكرێن و داتا و زانیارییەكانیان دەبردرێن".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ڕوونیشی كردەوە، هەر كاتێك كۆدی تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ مۆبایل و ئیمەیڵەكانیان هات، پێویستە هاووڵاتیان وریا بن و كۆدەكە نەدەنە هیچ كەسێك و پاسوۆردی ئەكاونتەكانیان بگۆڕن.
دەشڵێ: "هەندێك كەس دوای هاككردن، داوای كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە خەڵك دەكەن و لەو حاڵەتەشدا پێویستە هاووڵاتیان لە نزیكترین بنكەی پۆلیس سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن".
"بەو پێیەی یاسای 2ی مۆبایل ساڵی 2009 دانراوە و ئێستایش ئامێرەكانی پەیوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر و پێشكەوتووتر بوون، بۆیە پێویست وا دەخوازێ پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایە هەموار بكاتەوە و سزای توندتر بۆ ئەو كەسانە دابنرێت كە خراپ كەڵك لە ئامرازەكانی پەیوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەردەگرن". ئەمە قسەی هۆگر عەزیز بوو.
kdp-
