د. بەشیر خەلیل: ھۆکاری تەواونەکردنی کابینەی حکوومەت سوننە و شیعەن، نەک کورد

	 د. بەشیر خەلیل: ھۆکاری تەواونەکردنی کابینەی حکوومەت سوننە و شیعەن، نەک کورد
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە پارتی و یەکێتی ھۆکاری دواکەوتنی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدین ڕاست نییە و سوننە و شیعە ھۆکارن و ھێشتا لەسەر ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئەگەرنا ئێمە ھیچ کێشەیەکمان نییە.

لە چەند میدیایەکی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە، کە گوایە یەکێتی و پارتی لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێک لە کابینەی حکوومەتی عێراق ناکۆکن، بۆیە تەواوکردنی کابینەکە دوا کەوتووە. لەوبارەیەوە، د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھیچ ناکۆکییەک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێکی دیکە نییە و ناکۆکی لە نێوان شیعە و سوننە لەسەر وەرگرتنی ھەردوو پۆستی بەرگری و ناوخۆ ھەیە و تا ئێستا لە نێوخۆیاندا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆیە ئەوەی بڵاو کراوەتەوە کە پارتی و یەکێتی ھۆکاری تەواونەکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدین ڕاست نییە و ھیچ بنەمایەکیشی نییە."

د. بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: "ھەر کاتێک سوننە و شیعە لە نێوخۆیاندا گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەو وزارەتەی بەر ئێمە کەوتووە زۆر ئاسانە، بەڵام ئەوەی ھەیە لەو ماوەیەی لەبەردەستدایە پارتی و یەکێتی ھەوڵی ئەوە دەدەن پشکی کورد بکرێتە چوار وەزارەت."
kdp-
Top