فراکسیۆنی پارتی کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک بڕیاری کابینەی پێشووی حکوومەت دەکات

 فراکسیۆنی پارتی کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک بڕیاری کابینەی پێشووی حکوومەت دەکات
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی دژی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان دەکەین کە لە لایەن کابینەی پێشووی حکوومەتی عێراقەوە درابوون و سەرجەمیان هەڵدەوەشێنینەوە.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕايگەیاند: "حکوومەتی پێشووی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دژی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک لە بەرژوەندیی عەرەبەکان داوە، بۆیە پێویستە پەرلەمانی نوێی عێراق کار بکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە و بە یاسا ڕێگری لە پارێزگای کەرکووک بکرێت کە کاری نایاسایی نەکات، چونکە حکوومەتی عێراق زۆر بڕیاری داوە کە پارێزگار بە پێی ئەو بڕیارانە دژی کورد کارەکانی دەکات."

جوان حەسەن گوتیشی: "پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی بکرێت و پارێزگارێکی نوێ دابنرێت و ئەندامانی ئەنجومەن بگەڕێنەوە و دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، چونکە ناکرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت."

د. میادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: "فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری کردووە و بەردەوامیشە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی حکوومەتی پێشووی عێراق دژی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان دەریکردوون، ھەڵیوەشێنێتەوە و ئەوە یەکێکە لە ئەولەویاتی کاری فراکسیۆنی پارتی، چونکە ناکرێت ئەو بڕیارانە بەو شێوەیە بەردەوام بن."

د. میادە نەجاڕ گوتیشی: "بە ھیچ شێویەک ڕێگە نادەین ئەو بڕیارانە کارپێکراو بن و پێویستە ھەڵوەشێندرێنەوە، وەکو ھەنگاوی یەکەمیش بڕیاری دانانی خاڵە گومرکییە نایاساییەکانمان ھەڵوەشاندەوە."










باسنيوز
Top