لە باکوور دوو ئەندامی بنەماڵەی قەرەیلان لەلایەن تورکیاوە دەستگیر کران

 لە باکوور دوو ئەندامی بنەماڵەی قەرەیلان لەلایەن تورکیاوە دەستگیر کران
بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناوچەیەکی پارێزگای ڕوحا لە باکووری کوردستان، حەوت هاووڵاتیی کورد دەستگیر کران کە دوو کەسیان خزمی نزیکی موراد قەرەیلان، سەرکردەی باڵای پەکەکەن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018.11.29 لە باژێری (بیرەجیک)ی سەر بە پارێزگای ڕوحا لە باکووری کوردستان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵان و حەوت کەسیان دەستگیر کردووە کە دوو کەسیان بەناوەکانی (س.ک و س.ک) کە برازا و ئامۆزای موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری و سەرکردەی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ن.

ئەو کەسانە بە تۆمەتی پەیوەندی و ئەندامەتی لە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کراون و باس لەوە دەکرێت یەکێکی دیکە لەو حەوت کەسە موختاری ناوچەیەکە و دوای دەستگیرکردنیان ماڵ و کەلوپەلەکانیشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکێنراوە.

ماوەی دوو هەفتەیە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوچە جیاجیاکانی باکوور بە بیانووی جۆراوجۆر و بەتایبەت ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ پەکەکە، بە دەیان هاووڵاتی و بەتایبەت گەنجانی کوردیان دەستگیر کردووە.












باسنيوز
Top