تورکمان سێ داواکارییان لە کابینەی نوێی حکوومەتی کوردستان هەیە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/11/2018، 15 لایەنی تورکمانی لە هەولێر بە ئامادەبوونی هاکان کاراجای، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکیان بۆ دیاریکردنی داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجام دا.
دوای کۆبوونەوەکە، ئایدن مەعروف، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسیکدا رایگەیاند، تورکمانەکان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەت سێ داواکارییان هەیە، کە بریتین لە؛
- پێدانی جێگری سەرۆک وەزیران بە تورکمانەکان.
- پێدانی وەزارەتێکی سیادی بە تورکمانەکان.
- پێدانی ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی بە تورکمانەکان.
رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی سێشەممە 30/10/2018، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی پەسەند کرد.
ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان لە خولی پێنجەم:
- پارتی دیموکراتی کوردستان، 45 کورسی.
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 21 کورسی.
- بزووتنەوەی گۆڕان، 12 کورسی.
- نەوەی نوێ، 8 کورسی.
- کۆمەڵی ئیسلامی، 7 کورسی.
- بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی)، 5 کورسی.
- ئازادی، 1 کورسی.
- سەردەم، 1 کورسی.
پێکهاتەکان (ژمارەی کورسییەکانیان جێگیرە):
- تورکمان، 5 کورسی.
- مەسیحی و کلدان ئاشووری، 5 کورسی.
- ئەرمەن، 1 کورسی.
باسنيوز
