پێشبینی دەکرێ یەکێتی بەشێوەیەک بەشداری لە هێرشی تورکیا بۆ سەر قەندیل بکات
چاودێران پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لە داهاتوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی ڕاستەوخۆ بە بەشداریکردن لە بەشێکی هێرشەکانی سەر قەندیل، یاخود ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی گەمارۆدانی زیاتری قەندیل لەو ناوچانەی لەژێر دەستی دایە، بەشداری لە هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە قەندیل بکات.
لەمبارەیەوە هێمن سەعید، چاودێری سیاسی و خوێندکاری ماستەر لە بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە وتارێکیدا کە بە ناونیشانی (یەکێتی بۆ ئەم کارە دەکات؟) نووسیوە، ئاماژەی بەوە داوە، پێشبینی دەکرێت لە داھاتوودا یەکێتی ڕێکاری یاسایی و سیاسیی دیکە بەرامبەر پەکەکە بگرێتە بەر، وەک قەدەغەکردنی ھەموو جۆرە کار و چالاکییەک کە پشتیوانی بێت لە سیاسەتەکانی پەکەکە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەگەر هەیە لە داهاتوودا یەکێتی بەشێوەی ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە بکات، تەنانەت ”ئەگەر ڕاستەوخۆ پشتیوانیش لەو هێرشە نەکات، بە دڵنیاییەوە بێدەنگ دەبێت لەو ھێرش و پەلامارانەی سوپای تورکیا بۆ سەر پەکەکە“.
ڕۆژی سێ شەممە ٢٧⁄١١⁄٢٠١٨ بارەگای فەرمی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە شاری سلێمانی، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە گەمارۆدراوە و دواتریش سەرجەم بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە، لە شارەکانی (کۆیە، کەلار، ڕانیە، قەڵادزێ، هەڵەبجە و سلێمانی)، داخران و لە چەند شوێنێکیش کادیرانیان لەنێو بارەگاکان دەستبەسەر کران.
پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کردووە کە لە سەردانەکەی ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ی مەولوود چاوشئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، یەکێتی لە ڕێگەی بەرهەم ساڵح و لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا کە پاڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگیش ئامادە بوون، ڕێککەوتنێکی نهێنی لە دژی پەکەکە واژوو کردووە.
(باسنیوز
