بارەگای تەڤگەری ئازادی لە كۆیە و كەلار داخران
ئاسۆ مەحموو، لێپرسراوى بارەگاى تەڤگەرى ئازادی لە کۆیە : "ئەمڕۆ ھێزەكانی ئاسایشی كۆیە ھاتنە بارەگاكەمان و بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت، پێیان گوتین دەبێ بارەگاكەتان داخەن، چونكە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە ھەر ھێزێك مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرنەگرتبێ ناتوانێ بارەگای ھەبێت و چالاكی سیاسیی لە ھەرێمی كوردستان بكات".
گوتیشی: "جگە لە بارەگای كۆیە ھەر ئەمڕۆ بارەگای تەڤگەری ئازادی لە كەلاریش داخراوە، ھەرچەندە ئەو مۆڵەتەی بۆ داخستنی بارەگاكانی سلێمانی دانرا بوو تەواو بووە، بەڵام ھێشتا بارەگاكانی ئەوێ دانەخراون".
لێپرسراوى بارەگاى تەڤگەرى ئازادی لە کۆیە راشیگەیاند: "ئەو بڕیارە بڕیارێكی نادروست و نا یاساییە، چونكە ئێمە پێشتر داوای مۆڵەتمان كردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، بەپێی یاسای ژمارە 17 ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان، دەبێ لە ماوەی مانگێكدا داواكەمان بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر ئەگەر كێشەیەك لەو حزبە یان رێكخراوە ھەبوو دەبوایە ئاگادار بكرێینەوە بۆ چاككردنی، بەڵام بە ھیچ شێوەیەك وەڵاممان نەدرایەوە".
k24-
