خەسرۆ گۆران: بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئامادەین
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، ڕایگەیاند: "پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدایە ئەگەر لە ساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، بەڵام ھێشتا پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەی رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە نەداوە، كە بۆچوونێك ھەیە لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوودا ئەنجام بدرێت، ئێمەیش پێشبینی دەكەین ھەڵبژاردنەكە بۆ كاتێكی دیكە دوا بخرێت".
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا كورسیی بەرچاوی لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوودا بە دەست ھێناوە و ئامادەكاری بۆ ئەوە دەكات لە ھەر پڕۆسەیەكی ھەڵبژاردندا كورسیی زیاتر بەدەست بێنێ. لەو بارەیەوە، گۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ھەرچەندە دەنگدەری ئێمە لە ماوەكانی رابردوودا بەشداریی لە سێ پڕۆسەی ھەڵبژادندا كردووە و ھەندێك ماندووە، چونكە ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی و ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ھەڵبژاردنی دیكە ئامادەین".
پێوەست بە شاری كەركووكیش، خەسرۆ گۆران روونی كردەوە: "لە ساڵی ٢٠٠٥ بە دواوە ھیچ ھەڵبژاردنێك بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام نەدراوە، بەڵام بەو داگیركارییەی ئێستا، رەوشی كەركووك بە ھیچ شێوەیەك لەبار نییە بۆ ھەڵبژاردن، چونكە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر گۆڕانكاری رووی داوە لە پارێزگای كەركووك، لەبەر ئەوە پێویستە سەرەتا رەوشی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، ئینجا ھەڵبژاردن تێیدا ئەنجام بدرێت".
kdp-
