چاودێریکی سیاسی: سەرۆک بارزانی لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان سەردانی بەغدای کرد
ئەمڕۆ، چوارشەممە، سەرۆک بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا دوای سەردانی چەند ڕۆژەی بۆ بەغدا و کەنداو رایگەیاند: "ویستمان بەو سەردانە جارێکی دیکە نیەتی باشی خۆمان دەرببڕین، ھەروەھا ھەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆمان دووبارە بکەینەوە، چونکە ھەمیشە ڕای ئێمە وابووە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناخەکانی ڕابردووش، لە ھەموو قۆناخەکاندا ھەمیشە داکۆکیمان لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێ ھەموو گرفتەکان لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن لە یەکتری چارەسەر بکرێن."
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر، مامۆستای زانکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: "بە ھۆی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداوە ئەگەری ئەوە هەیە فشارێکی زۆر لەسەر عێراق دروست ببێت، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و پێشاندانی نیەتی کورد تا کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ بکرێن، سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کرد، تا مافی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێن ھەر لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە تا دەگاتە بوودجەی پێشمەرگە و مووچە و بوودجەی ھەرێم، بێگومان سەردانی سەرۆک بارزانی کاریگەریی زیاتری لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوان ھەردوو حکوومەت دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی چارەسەرکردنی کێشەکان."
تێکچوونی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق لەو کاتەوە دەستی پێ کرد کە بەغدا ژمارەیەک بڕیاری بۆ سزادانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەرکرد و سەرۆک بارزانی دەڵێت: "عادل عەبدولمەھدی بڕیارەکانی ڕابردووی دەسەڵاتدارانی عێراق دووبارە ناکاتەوە."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە: "پێشتر خەڵێک وای بۆ دەچوون کە سەرۆک بارزانی کێشەی شەخسیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ھەیە، بەڵام سەردانی ئەمجارەی سەرۆک بارزانی وەڵامی ھەموو ئەو کەس و لایانانەی دایەوە، کە سەرۆک نە لە ڕابردوودا و نە ئێستاش ھیچ کێشەیەکی شەخسیی لەگەڵ ھیچ کەس و لایەنێکی عێراقی نییە، ئەوەی ھەیە کێشەی میللەتێکە، ئەو باوەڕەش بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا دروست بووە ئەگەر نەیەنە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوە وڵات بەو شێوەیەی پێشتر بەڕێوە ناچێت."
دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق سەرۆک بارزانی ڕۆڵی بەرچاوی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان ھەبووە و ئێستاش داوا لە سەرۆک بارزانی کراوە دەستپێشخەرییەک ڕابگەیەنێت، بەڵام وەک سەرۆک بارزانی ئاماژەی دا: "وێڕای داوای لایەنە عێراقییەکان بۆ دەستپێشخەری، دیراسەتی دەکەم، بەڵام ئەگەر بزانم ئەنجامی نابێت ئەوا ھیچ ھەنگاوێک نانێم."
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر گوتی: "سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق وێڕای ئەوەی ھەڵویستی خۆی ئاشکرا کردوە بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکانی ڕابردوو دەتوانێ ڕۆڵی ھەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەردوولا و سەردانی سەرۆک بارزانییش وەک پەیامێکە بۆ لایەنە عێراقییەکان تا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پشتگیریی ھەنگاوەکانی عادل عەبدولمەھدی بکەن."
kdp-
