سروە عەبدولواحید: سەرکردە عێراقییەکان پێیان گوتم تەنیا بارزانی نوێنەری کوردە

 سروە عەبدولواحید: سەرکردە عێراقییەکان پێیان گوتم تەنیا بارزانی نوێنەری کوردە
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە سەرکردە عێراقییەکان پێیان گوتووە، تەنیا بارزانی نوێنەرایەتیی کوردستان دەکات.

سروە عەبدولواحید، کە ئێستا خۆی وەک سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆی عێراقی دەناسینێت، لە بەرنامەیەکی کەناڵی (ئافاق)ی عێراقی رەخنەی لە سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە گرتووە و دانی بەوەدا ناوە کە ”وەک سەرۆک دەوڵەتێک پێشوازییان لە بارزانی کرد“.

سروە عەبدولواحید کە بە یەکێک لەو چەند پەرلەمانتارە کوردە دادەنرێت کە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، دژی خواستەکانی نەتەوەکەی خۆیان وەستاونەتەوە، دان بەوەدا دەنێت کە پێش پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و لە سەروبەندی دروستکردنی کوتلە و ھاوپەیمانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ چەندین لایەنی شیعی و سوننی کۆ بووەتەوە بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانێتی، بەڵام ”ئەو سەرکردە عێراقییانە پێیان گوتم، بگەڕێوە بۆ لای بارزانی، چونکە ئێمە تەنیا ئەو بە نوێنەری کوردستان دەزانین“.

عەبدولواحید گلەیی لە حزبە شیعییە عێراقییەکان دەکات، چونکە ئەو حزبە کوردییەیان فەرامۆش کردووە، کە ”نیشتمانپەروەری عێراقین“ و دژی سەربەخۆیی کوردستانن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی پەرە پێ دەدەن.

ئەو ژنە پەرلەمانتارەی پێشوو کە خوشکی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی کەناڵی نالیایە، لەبارەی بەرھەم ساڵحیشەوە رای گەیاندووە، ”بەرھەم ساڵح نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان ناکات، تەنیا نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە“.

رۆژی پێنجشەممە ٢٢/١١/٢٠١٨، سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازییان لێ کرد.

لەو سەردانەیدا، جگە لە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی حکوومەتی عێراق، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ھەموو سەرکردە باڵا و کاریگەرەکانی عێراق کۆ بووەوە و لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و فڕۆکەخانەی نەجەف، هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتان پێشوازییان لێ کرد.











باسنيوز
Top