عادل عەبدولمەهدی بەڵێنی داخستنی نووسینگە بازرگانییەکانی حەشدی شەعبی لە مووسڵ دا
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شاندێکی پارێزگای مووسڵ، کە لە نوێنەری پارێزگاکە لە پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی مووسڵ پێک ھاتبوو سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کرد و کۆمەڵێک داواکاریمان پێشکەشی کرد کە لە ٢٠ خاڵ پێک دەھات سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی و تێکچوونی دۆخی ئەمنی و تەقینەوەکانی ئەم دوواییانە کە دەرکەوتووە داعش ئەو کارەی نەکردووە و حەشدی شەعبی کردوویەتی. جگە لەوەش، چەندان نووسینگەی بازرگانییان کردووەتەوە و بە زۆر پارە لە خەڵکی وەردەگرن و کاری بازرگانی دەکەن و لە زۆر شوێن کە ئامادە نەبوونە پارەیان پێ بدەن ئەو شوێنەیان تەقاندووەتەوە. سەرۆکوەزیرانیش زانیارییەکانی ئێمەی پشتڕاست کردەوە و باسی لەوە کرد منیش زانیاریم بەدەست گەیشتووە کە حەشدی شەعبی ئەو کارانە دەکات."
شێروان دووبەردانی گوتیشی: "داوامان کرد نووسینگەکانی ماددەی ١٤٠ کارا بکرێنەوە و دەست بە قەرەبووکردنەوەی ماددەی ١٤٠ بکرێتەوە و ئەو ھێزانەی لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان جێگیر کراون و کاری بازرگانی دەکەن بۆ ئەو شوێنانە ببرێن کە داعشی لێیە و داواشمان کرد کە پێویستە ھێزی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست بکرێن."
دووبەردانی باسی لەوەش کرد: "سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد کە تاوتوێی ھەر ٢٠ خاڵەکە دەکات و کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکات، بەڵام وەکو قۆناغی یەکەم سەرجەم نووسینگە بازرگانییەکانی حەشدی شەعبی دادەخەن، چونکە وەکو مافیا کاری تێدا دەکەن و خەڵک دەڕووتێننەوە و تەعدا لە خەڵک دەکەن و تەقینەوە ئەنجام دەدەن و ئەگەر جێبەجێش نەکرا ئێمە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ڕێگەی یاسایی دەگرینە بەر و دەستبەرداری ئەو کارە نابین."
kdp-
