بەغدا ڕێگری لە ناردنی پەرتووک بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەکات

بەغدا ڕێگری لە ناردنی پەرتووک بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەکات
دەستەڵاتدارانی کەرکووک ڕێگەیان نەدا یەک ملیۆن پەرتووک بۆ خوێندنی کوردی بگاتە شارەکە و وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ڕێگریکردنە لە کاتێدایە ئەوان پێنج ملیۆن پەرتووکیان لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە گەیاندووەتە بەغدا.



سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "بەر لە دوو ڕۆژ وەزارەتی پەروەردە یەک ملیۆن پەرتووکی بۆ خوێندنی کوردی ڕەوانەی شاری کەرکووک کردووە، بەڵام لە لایەن خاڵەکانی گومرکی نێوان کەرکووک و ھەولێر ڕێگری کراوە لەوەی پەرتووکی کوردی بچێتە کەرکووک بۆ بەشی خوێندنی کوردی، پەرتووکەکان بۆ قوتابییانی کوردە لە شاری کەرکووک و دەوروبەری تا ناوچەی خورماتوو."



گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "حکوومەتی عێراق بەرامبەر ناردنی پەرتووک بۆ کەرکووک داوای گومرکی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ھیچ وڵاتێکی جیھان باج و گومرک لەسەر پەرتووکی خوێندن نییە، پەرتووکەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ گەنجینەکانی وەزارەت لە شاری ھەولێر."



سامان سیوەیلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەزیری پەروەردە لەھەوڵدایە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و وەزارەتی پەروەردەی بەغدا تا پەرتووکەکان بگەیەندرێنە دەست قوتابییانی کورد لە شاری کەرکووک، چونکە بەر لە ماوەیەک وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ڕێگەی ئیبراھیم خەلیلەوە پێنج ملیۆن پەرتووکی لە وڵاتی تورکیاوە ھاوردە کرد، نەک ھەرێم باجی لێ وەرنەگرتن، بەڵکو گەیاندرانە شوێنی خۆیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق."



سیوەلی ڕوونی کردەوە: "وەزارەتی پەروەردە ھەموو ھاوکارییەکی پێشکەش بە خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک کردووە، ھەر لە دابینکردنی مووچەوە تا دەگاتە دابینکردنی ھەموو پێداویستییەکی کەرتی پەروەردە لە پێناو پێشخستنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی کوردی لەو سنوورانە."
kdp-
Top