خنسی: تەنیا ئەمساڵ داھاتی عێراق ٢٥ترلیۆن دیناری زیاد کردووە، کەس نازانێت چۆن خەرج کراوە
د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق ھاتووە کە ڕۆژانە عێراق ٣ملیۆن و٧٨٠ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کە لەوانە٢٥٠ھەزاری هی ھەرێمی کوردستانە و نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٤٦ دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئەمساڵ ڕۆژانە نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە ٦٠ تا ٧٤ دۆلار فرۆشتووە، ئەمەش وای کردووە بوودجەی عێراق زیاد بێت، بۆیە تەنیا لەمساڵدا بە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە بوودجەی عێراق ٢٥ترلیۆن دیناری زیاد کردووە، کە ١٢ترلیۆنی بۆ کورتھێنان بەکار دێت و ١٣ترلیۆن دیناری دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو پارەیە لەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت و پێویستە پشکی ھەرێمیشی لێ بدرێت، کە یەک ترلیۆن و٧٠٠ملیار دینارە، بەڵام کەس نازانێت ئەو پارەیە چۆن خەرج کراوە، پشکی ھەرێمیشی لێ نەدراوە."
د. بێوار خنسی گوتیشی: "پێویستە لە کۆتاییی ساڵدا بوودجەی تەواوکاری ڕەوانەی پەرلەمان بکەن و پەسەندی بکەن، چونکە شەش ساڵە ڕەوانە نەکراوە و کەس نازانێت ئەو پارەیە چۆن خەرج دەکرێت، لەبەر ئەوەی بە پێی یاسا تاوەکو بوودجەی تەواوکاری پەسەند نەکرێت، دەنگ لەسەر بوودجەی ساڵی دابێ نادرێت، ئەمەش تاوەکو ئێستا نەکراوە و پێویستە ئەمساڵ بکرێت."
خنسی باسی لەوەش کرد: "کورد ئەمجارە کە دەگەڕێتەوە بەغدا و نەوتی خۆی ڕادەستی حکوومەتی عێراق دەکات پێویستە نوێنەریان لە کۆمپانیای سۆمۆ ھەبێت، بۆ ئەوەی بزانرێت نەوت چۆن و بە چەند دەفرۆشرێت و پارەکەیشی چی لێ دێت و لێی ئاگادار بن، نەک نەوتی خۆیان ڕادەست بکەن و لە وردەکارییەکانی ئاگادار نەبن، لەبەر ئەوەی ھیچ چاودێرییەکیان لەسەری نییە."
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە ڕایشیگەیاند: "لە مانگی نوێی ئەمساڵدا حکوومەتی عێراق چوار ملیۆن و٤٦٠ھەزار بەرمیل بەرھەمی ھێناوە و ٣ملیۆن و ٤٦٠هەزار بەرمیل فرۆشراوە و یەکملیۆن بەرمیل نەوت دیار نییە و باس لەوە دەکەن ٧٠٠ھەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بووە، ئاواش بێت ٣٠٠ھەزار بەرمیل دینار نییە، بۆیە پێویستە نوێنەری کوردان بەھێزەوە لە ھەموو وردەکارییەکاندا بەشدار بن و ھەرێم لە ھەمووی پشکی ھەبێت و لە پترۆدۆلاریش پشکی پارێزگاکان بدرێت، بەتایبەت بۆ کەرکووک."
kdp-
