کوردانی داقووق دژی داگیرکاریی پارێزگاری سەپێندراو خۆپێشاندانیان بەڕێوە برد
دوای ئەوەی شەپۆلێکی ھێنانی عەرەبی ھاوردە بۆ کەرکووک دەستی پێ کرد، ئێستا لە ڕووی ئیدارییەوە بڕیار بۆ وەرگرتنەوەی زەویی کورد دەدرێت تا بە سەر عەرەبە ھاوردەکاندا دابەش بکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەک لە جووتیارە کوردەکان دژی بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک خۆپێشاندانیان بەڕێوە برد و ڕەتیان کردەوە خاکی خۆیان بۆ خەڵکی بێگانەی ناوچەکە بەجێ بێڵن. عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان ڕوونی کردەوە: "بڕیارەکە نۆ گوندی سنووری قەزای داقووق دەگرێتەوە و بە پێی فەرمانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەبێ کورد دەست لەو گوندانە ھەڵگرێت بۆ عەرەبی ھاوردە."
بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە ئامادە نین گوندەکانیان ڕادەستی عەرەبی ھاوردە بکەن و بڕیاریان داوە بە بێ چەکیش بێت ڕووبەڕوویان ببنەوە، چونکە ھێرشی داگیرکاریان دەکرێتە سەر و دەیانەوێ بەزۆر زەویی کورد زەوت بکرێت."
عەدنان کەرکووکی دەڵێت: "تا حەشدی شەعبی لەو سنوورە دەسەڵاتی ھەبێت و بەو شێوەیە کەرکووک بەڕێوە ببرێت ڕەوشی ناوچەکە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، چونکە ئەوان لەوێ ھەر خەریکی دزی و تاڵانی و داگیرکردنن، لەبەر ئەوە، مەترسییەکی زۆر لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی کەرکووک، بەتایبەتی لە سنووری تاڵەبانی و داقووق ھەیە."
kdp-
