ئاسایشی یەکێتی بارەگای گرووپێکی سەر بە پەکەکە گەمارۆ دەدات

 ئاسایشی یەکێتی بارەگای گرووپێکی سەر بە پەکەکە گەمارۆ دەدات
ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بارەگای تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کە گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، گەمارۆ دەدات و بەرپرسێکی تەڤگەریش ڕای دەگەیەنێت کە بەرگری لە خۆیان دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ١١ی ٢٠١٨، ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی، بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیان گەمارۆ داوە کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە.

لەمبارەیەوە تارا حوسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: ”هێزێکی ئاسایشی یەکێتی گەمارۆی بارەگاکەمانی داوە و داوا دەکەن بە زووترین کات بارەگاکە چۆڵ بکەین، هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە کە ئەگەر بارەگاکە چۆڵ نەکەین، هێز بەکار دەهێنن“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان پێیان ڕاگەیاندوون، بارەگاکە چۆڵ ناکەن و ”چی دەکەن با بیکەن“. لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی هێزیش لەلایەن ئاسایشی یەکێتی، تارا حوسێن گوتی: ”خوازیارین هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕوونەدات، ئێمەش هەموو لایەنگرەکانمان هاتوونەتە ناو بارەگاکە و حەز ناکەین هیچ ڕووبدات، بەڵام پارێزگاری لە خۆمان دەکەین“.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی، بە مەبەستی ڕازیکردنی تورکیا، بڕیاری داخستنی بارەگای گرووپ و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکەی داوە، بە پاساوی داخستنی بارەگای ئەو لایەنانەی کە مۆڵەتی فەرمییان نییە.












باسنیوز
Top