فازڵ ئیبراهیم: بوومەلەرزە سەرەكییەكەمان تێپەڕاند.. تاوەكو ئێستا ١٠٠ی پاشكۆ تۆمار كراون
شەوی ڕابردوو ٢٥-١١-٢٠١٨، ژمارەیەك بوومەلەرزە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستانیان گرتەوە و، بەو ھۆیەوە لە شاری كەلار ٥٢ ھاووڵاتی گەیەندرانە نەخۆشخانە و لەو ژمارەیەیش ٢ ھاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، هەروەها لە شارۆچكەی خانەقینیش ٤٢ كەس بە ھۆی كاریگەریی بوومەلەرزەكەوە رەوانەی نەخۆشخانە كران و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن.
فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ كاتژمێر 7 و 37 خولەكی ئێوارە بە كاتی ھەرێمی كوردستان، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٥ پلە بە پێوەری رێختەر، لە رۆژھەڵاتی كوردستان تۆمار كرا، كە ئەو بوومەلەرزەیە لە نێوان باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان بوو، بەڵام چەقی بوومەلەرزەكە لە رۆژھەڵات بوو لە سەرپێڵی زەھاو بە دووریی ٣٠ كیلۆمەتر لە شارۆچكەی خانەقین، كە بە یەكێك لە بوومەلەرزە بەھێزەكان ھەژمار دەكرێت و ئەمەیش دووەم بوومەلەرزەی بەھێزە لە ناوچەكە روو بدات، بوومەلەرزەی یەكەم ساڵی پار لە مانگی ١١ـدا بوو كە بە گوڕی ٧.٣ لە ھەمان ناوچەدا رووی دا".
ئیبراهیم گوتیشی، لە باشووری كوردستان ھاووڵاتیان لە سنووری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان ھەستیان پێ كردووە و دەشڵێ: "بوومەلەرزە سەرەكییەكەمان تێپەڕاندووە، بەڵام دوابەدوای ئەمە بوومەلەرزەی پاشكۆ دێت كە تاوەكو ئێستا ١٠٠ بوومەلەرزەی پاشكۆ تۆمار كراون، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە كە پلەكانیان كەمە و لە نێوان ٤ بۆ ٥ پلە دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ھەر كاتێك بوومەلەرزەیەكی سەرەكی روو دەدات، چینەكانی زەوی لەو ناوچەیە تووشی شكان دەبن، لە جووڵەیەی بەردەوامدا دەبن و ئەو ناوچانەیش لە لێواری بوومەلەرزەدان، بەڵام ھێڵی بوومەلەرزە بە ھەرێمی كوردستاندا تێناپەڕێ، بەڵكوو بە رۆژھەڵاتی كوردستاندا تێدەپەڕێ، وەلێ بە ھۆی نزیكیی ئەو ناوچانە لە سنوورەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، بە تایبەت پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، ھەستكردن بە بوومەلەرزە لەو ناوچانەدا زیاتر دەبێت.
هاوكات لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە پارێزگای ئیلام، كرماشان، سنە و ورمێ و، پارێزگاكانی تەورێز، ئەھواز، ئیسفەھان و رەشت لە ئێران ھەستی پێ كراوە، كە بەو هۆیەوە ٧ كەس لە سەرپێڵی زەھاو گیانیان لە دەست داوە و بە گشتییش لە شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستاندا زیاتر لە ٤٠٠ كەس بریندار بوون".
kdp -
