پەرلەمانتارێکی پارتی: کێشەی ناردنی بەشەدەرمان لە بەغداوە بۆ کوردستان چارە دەکەین
لە خۆڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، چەند ئەندامێکی کوردی لیژنەی تەندروستی فشاریان خستە سەر حکوومەتی عێراق تا بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکات و بەردەوام دەرمان ڕەوانەی شارەکانی ھەرێم دەکرا، بەڵام وەک خۆیان دەیانویست دەیاننارد، نەک وەک ئەوەی لە بوودجەدا ھاتبوو. دکتۆر دالیا فەرھاد، ئەندامی کوردی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "بڕیارە لە بوودجەی گشتیی عێراقدا پارەی پێویست بۆ کەرتی تەندروستیی عێراق دابین بکرێت و ئێمەش ھەوڵەکانمان خستووەتە کار بۆ ئەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان وەک خۆی بگاتە وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم و ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینە وەک پێشتر ڕێگە نادەین حکوومەتی عێراق بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان ببڕێت."
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە نێو بوودجەی حاکیمەدا پارە بۆ کڕین و دابینکردنی دەرمان تەرخان دەکرێت و بەشی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە کە ساڵانی پێشتر ١٧%ی ئەو دەرمان و پێداویستییانە بۆ ھەرێم گەرەنتی کرابوون، بەڵام چەند ساڵێک ھاوشێوەی ھەموو بابەتەکانی دیکە بەغدا ڕێژە یاساییی بۆ کوردستان نەدەنارد.
سەرەڕای ھەبوونی گرفتی دەرمان نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقیش بە ھۆی شەڕی داعشەوە لە ھەرێمی کورستان چارەسەری تەندروستییان بۆ دەکرا و بەو ھۆیەوە بارگرانییەکی زۆر لەسەر حکوومەتی ھەرێم دروست ببوو. دکتۆر دالیا، کە ھاوکات پسپۆڕی پزیشکیشە دەڵێت: "بە ھۆی ھاتنی ڕێژەیەکی زۆری ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ ھەرێم، ئەو ھاوڵاتییانەش لە بەشەدەرمان و پێداویستیی ھاووڵاتییانی ھەرێم چارەسەری وەردەگرن، ڕاستە لە ناو کەمپەکاندا ڕێکخراوی عێراقییش ھەن، بەڵام زۆربەی ئاوارەکان لە بنکەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەری وەردەگرن، لەبەرئەوە، پێویستە بڕێک دەرمانی زیادەش لە لایەن بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت."
kdp -
