نوێنەرێکی تورکمانەکان: ھیوادارین لایەنە سیاسییەکان ھاوشێوەی پارتی پشتگیری لە پێکھاتەکان بکەن

	 نوێنەرێکی تورکمانەکان: ھیوادارین لایەنە سیاسییەکان ھاوشێوەی پارتی پشتگیری لە پێکھاتەکان بکەن
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی دەڵێ، لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم داوای ھەردوو جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت و پەرلەمانیان کردووە و پارتییش لاری نییە، بەڵام پێویستە لایەنەکانی دیکەش ھاوشێوەی پارتی پشتگیرییان لێ بکەن و نەبنە کۆسپ لەبەردەمیان، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە نموونەی ڕێزگرتن لە مافی پێکھاتەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داوامان کردووە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەردوو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتێک بدرێنە پێکھاتەکانی تورکمان و مەسیحی، چونکە ئێمەش پێکھاتەی سەرەکیی ھەرێمی کوردستانین و پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەڵامی بۆ داواکاریی ئێمە ئیجابی بووە و ڕازییە، بەڵام پێویستە لایەنەکانی سیاسییەکانی دیکەش ھاوکار بن و نەبنە ڕێگری پێدانی ئەو پۆستانە بە پێکھاتەکان و ھاوشێوەی پارتی پشتگیری لە ئێمە بکەن."

محەمەد ئیلخانی گوتیشی: "پارتی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە و لە دەست ئەواندایە، بەڵام پێویستە لایەنەکانی دیکەش ھاوکار بن و نەبنە ڕێگر، بۆ ئەوەی یەکڕیزیی پێکھاتەکان پارێزراو بێت و ببێتە نموونەیەکی جوانی ڕێزگرتن لە مافی پێکھاتەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەر ئەوەی ھەمووان باسی تورکمان و مەسیحی دەکەن، بەڵام پێویستە بەکردار بیسەلمێنن."
kdp -
Top