لە بەغدا داوا لە سەرۆک بارزانی کراوە دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بکات
مەسعود حەیدەر، ئەندامی ئەو شاندەی کە یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکرد لە بەغدا، بە بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی فەرمی بووە و شێوازی پێشوازیکردنەکەش لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە “وەک یەکێک لە سەرکردە و ڕابەر پێشوازی لێکراوە”. ڕوونیشی کردەوە: “سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەی عێراقیش وەک سەرکردە و ڕابەرێکی کورد، وەک مەرجەعی کورد بە پڕۆتۆکۆل پێشوازی لێ کراوە، من خۆم لە هەموو کۆبونەوەکان بەشداربووم وەک ڕابەرێکی کورد مامەڵەی لەگەڵ کراوە”.
ئەو ئەندامەی شاندەکە جەختی کردووەتەوە کە بەم سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، بەستەڵەکی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد توایەوە و دەرگاش بەسەر چارەسەری کێشەکانی هەموو عیراق کراوەتەوە.
ئاماژەشی بەوە داوە کە لەدوای هەڵبژاردنەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان نزیکەی لە 50%ی متمانەی خەڵکی کوردستانی بەدەست هێناوە، بۆیە “خودی سەرۆک بارزانی نەک نوێنەرایەتیی هەموو کورد، بەڵکوو لەسەر ئاستی عێراق سەرکردە سیاسییە عێراقییەکان داوایان لێکرد دەسپێشخەرییەک بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق”. گوتیشی: “هەموو سەرکردەکان بە سوننە و شیعە و تورکمانەوە، داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد، دەستپێشخەری بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، لەنێویشیاندا کێشهکانی هەولێر و بەغدا”.
لەبارەی بەشداریکردنی ئەو لە شاندەکەدا، مەسعود حەیدەر دەڵێت: “بوونی من لەو وەفدەی جەنابی سەرۆک، پەیوەندی هەبوو بە ڕاسپاردنی سەرۆک بارزانی کە متمانەی بە من هەبوو، هەروەها من وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆی نیشتمانی بەشداربووم، بوونی منیش ئەوەی سەلماند کە هەر کەسێکی نیشتمانی لەو وەفدەی سەرۆک بارزانی دهتوانێت له شاندهكان و ڕیزەكانی پارتی بێ هیچ ئینتیمایهكی حزبی لەهەر کات و شوێنێکدا جێگەی دەبێتەوە".
باسیشی لەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەم سەردانە، گۆڕانکاریی پلە بە پلە لە ئابووری و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا، هەروەها لەهەمووی گرنگتر، ئیدارەدانی کەرکووک بە ئیدارەی هاوبەش و هەماهەنگیی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانی ماددەی (140) دروست دەبێت، هەروەها “بابەتی ڕیفراندۆمیش لەناخی هەر کەسێکدا وەک چۆن لەناخی سەرۆک بارزانیدا دەمێنێتەوە، ئاوا، ڕەنگە فاکتەری کات ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە".
مەسعود حەیدەر دەڵێت کە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی کردنەوەی دەرگاکان بووە و سرووشتیش وایە “کە سەرۆکەکان دەرگاکان دەکەنەوە، ئیدی سەرکردەکانی عێراق سەردانی هەولێر دەکەن".
لە بارەی کاریگەریی سەردانی شاندەکەیان لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەندامەکەی ئەو شاندە دووپاتی کردووەتەوە: "بابەتی بودجە دەمێکە کاری لەسەر کراوە، هەم لەسەر ئاستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، هەروەها وەزیری دارایی عێراق کە بێگومان بەم نزیکانە ئەنجامەکەی دەبینرێت، بەڵام بەم سەردانەی سەرۆک بارزانی، بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان یەکلایی بوویەوە و بۆ پێشمەرگەش هەر ڕاستە، بەم شێوەیە هەموو مانگێک بەغدا شایستە داراییەکانی دەداتە هەرێم".
مەسعود حەیدەر دووپاتی کردووەتەوە کە بەم نزیکانە بە ئەرێنی کاریگەرییەکانی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێت و وادەکات بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و بەتەواوی فەرمانبەران مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن و پاشەکەوتیش بەتەواوی نەمێنێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەندامەکەی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکرد لە بەغدا، تیشکی خستووەتە سەر پێگەی سەرۆک بارزانی و نەیشاردووەتەوە کە “لە ئاستی عێراق و دونیا وەک "زەعیم" و ڕابەرێکی شۆڕشگێری نەتەوەیی و ئازادیخواز لە سەرۆک بارزانی دەڕوانرێت، هەتا لە زۆربەی دانیشتنەکاندا ئەو سەرکردە عێراقییانە یەک حەقیقەتیان بە ئێمە دەگوت، دەیانگوت: "جەنابی کاک مەسعود لەکوێ بێت، چارەسەر لەوێیە".
باسنيوز
