گۆڕان: ئەگەری بەشداریکردنمان لە حکوومەت بەھێزە
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”پارتی لیستی براوەی یەکەمە و دەبێ ئەو حکوومەت پێکبھێنێت، ھەروەھا زەمینەسازیش بۆ پێکھینانی حکوومەت لەگەڵ لایەنەکان کراوە، ئێمەش لەگەڵ پارتی کۆبوونەوەمان کردووە“.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە ناو گۆڕاندا دوو بۆچوون ھەیە، یەکێک لەوانە بەشداریکردنە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆچوونێکیش ئەوەیە کە بەشداری لە پێکھێنانی حکوومەت نەکەن، بەڵام ئەگەری بەشداریکردنمان بەھێزترە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ڕای گەیاندووە کە بەشداری لە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستاندا دەکات، هەرچەندە هێزی دووەمی هەرێمی کوردستانە و کورسییەکانی زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمترە، بەڵام بەهۆی ئەو واقیعەی لە سنوورێکی جوگرافیدا لەژێر دەستیدایە، هەوڵدەدات هاوشێوەی کابینەکانی پێشووی حکوومەت، پۆست و پلە و پایەی پێ بدرێت، بەڵام سەرکردە و بەرپرسانی پارتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی، مامەڵە لەگەڵ حزبەکاندا دەکەن.
باسنیوز
