داوا لە گەنجینەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە بەپەلە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 9ی ئەمساڵی مووچەخۆران بکرێت.

داوا لە گەنجینەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە بەپەلە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 9ی ئەمساڵی مووچەخۆران بکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ی مووچەخۆران دەستپێکرد.



بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی نێو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بە دەستی گەیشتووە، تێیدا داوا لە گەنجینەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە بەپەلە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 9ی ئەمساڵی مووچەخۆران بکرێت.



ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردووەتەوە، داوا لە گەنجینەکان کراوە پێش کۆتایی هاتنی ساڵی دارایی 2018 لیستی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵی مووچەخۆران وردبینی تێدا بکرێت.



ئاشکراشیکرد، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن گەنجینەکانەوە هۆشداری بە سەرجەم فەرمانگەکان دراوە لە ئەگەری نەناردنی لیستی مووچەی ئەم سێ مانگە ئەوا سەرجەم مامەڵەکانیان و پێشینەی مانگانەیان ڕادەگیرێت.



ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگ 8ی 2018ی مووچەخۆران بەکۆتا دێت و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 بە هەمان سیستەمی مانگی ڕابردوو دەست پێ بکات.



لەبارەی چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ تا ئێستا وەزارەتی دارایی بەفەرمی هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە، ئایا مووچەی ئەم سێ مانگە دەکرێتە پاشەکەوت یاخود لەسەرەتای ساڵی نوێ مووچەی مانگی 10 لە مانگی یەکی 2019 دابەش دەکرێت، بەڵام پێشتر سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دیوانی وەزارەتی دارایی بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کردبوو، کە رێباز حملان، وەزیری دارایی و ئابووری نایەوێت بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بدات، بەڵكو دەیەوێت ئەو بڕیارە بۆ كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبهێڵێت.





باسنیوز
Top