جەزا چنگیانی: كورد دەتوانێ زلهێزەكان بكاتە پشتیوانی دەوڵەتی داهاتووی خۆی

 جەزا چنگیانی: كورد دەتوانێ زلهێزەكان بكاتە پشتیوانی دەوڵەتی داهاتووی خۆی
نووسەر و ڕەخنەگرێکی ناسراوی کورد بەئاماژەدان بەسەرچاوەی مێژوویی و زنجیرەی بەدوای یەكدا هاتووی رووداوە سیاسییەكان، رایدەگەیەنێ كە ئەگەر كورد لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ جوگرافیا ستراتیژیەكەی و نەوتیەكەیدا بكات، ئەوا دەتوانێ ئەمریكا و بەریتانیا و رووسیا بەیەكەوە بكاتە پشتیوانی دەوڵەتی داهاتووی كوردستان.


جەزا چنگیانی نووسەر و ڕەخنەگر لە وتارێكدا بەناوی "ستراتیجیەتی بۆڕییەکان، سەردانەکەی بارزانی بۆ لای عەرەبەکان ئەرکە یان ستراتیجیەت؟" ئاماژەی بەكتێبێكی ئەڵمانی كردووە بەناوی "خوێن و پەترۆڵ" كە ساڵی 1944 چاپ كراوە و باس لە رووداوەکانی زستانی ساڵی 1917 و 1918ی باشووری کوردستان و عێراق دەكات.


چنگیانی لەمبارەیەوە لە زاری كتێبەكەوە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی بەر لە 101 ساڵ و دەڵێ ئەو سیناریۆ سیاسیەی ئەوكات یەخەی شێخ مەحموودی نەمری گرتبوو ئێستە یەخەی بارزانیشی گرتووە.


نووسەر دەڵێ "بەر لە 101 ساڵ، ئینگلیز بۆ کۆنترۆڵی ناوچە پەترۆڵیەکان پێویستی بەکورد هەبوو، کوردیش پێویستی بەئینگلیز هەبوو، ئەگەر لە نێوان ئەم دوو پێداویستیەدا هۆشیاری سیاسیی کوردی باڵانسی بەرژەوەندی تێکەڵاو بکردایە، بەدڵنیاییەوە ئینگلیز دەوڵەتی کوردی دروست دەکرد نەک دەوڵەتی عێراق، بەڵكو عێراق تێکەڵاوی پاشانشینی ئوردن دەکرا".


جەزا چنگیانی لە وتارەكەیدا چەندین وێستگەی مێژووی سیاسی ناوچەكەی هێناوەتەوەیاد تا گەیشتووەتە باسی ریفراندۆمە مێژووییەكەی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، دوای ئەوەش هەڵسانەوەی هەرێمی كوردستان و سەردانەكەی ئەم هەفتەیەی سەرۆك مەسعوود بارزانی بۆ وڵاتانی كەنداو.


هەروەها نووسیویەتی "ئەمریکا ناتوانێ پەترۆڵی خۆی وەک رووسیا بەئاسانی بگەیەنێتە بازاڕی ئەورووپا، بۆیە کۆمپانیا ئەمریکییەکان پەترۆڵی عێراق و کوردستان لە رێگەی خاکی کوردستانەوە دەگەیەننە بازاڕی ئەورووپا. لە ساڵی 1914وە تا ئێستە باشترین و هەرزانترین رێگە خاکی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە، هێزەکانی باشوور و رۆژئاوا باشترین هێزی پاراستنی بۆڕییەکانن، بۆیە کورد ئەگەر هۆشیاری زمان و تاکتیک و هونەری دیبلۆماسی بزانن، دەتوانن وڵاتانی رووسیا و بەریتانیا و ئەمریكا بکەن بەپاڵپشتی پرۆژەی دەوڵەتی کوردی داهاتوو".





باسنيوز
Top