زیاد كاكەڕەزا: پشتیوانی لە داواكاریی قوتابیانی بەشەناوخۆییەكانی سلێمانی دەكەین

زیاد كاكەڕەزا: پشتیوانی لە داواكاریی قوتابیانی بەشەناوخۆییەكانی سلێمانی دەكەین
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیێنێت، ئەوان پشتیوانی لە داواكاریی قوتابیانی بەشەناوخۆیی زانكۆی سلێمانی دەكەن و "دەبێ بە زووترین كات داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێن".

بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی رەوشی بەشەناوخۆییەكانیان، ماوەی هەفتەیەكە قوتابیانی بەشەناوخۆییەكانی كچان لە زانكۆی سلێمانی دەنگی ناڕەزاییان بەرز بووەتەوە و، ئەمڕۆیش خۆپێشاندانیان لە بەردەم دادگای سلێمانی و پارێزگای سلێمانی ئەنجام دا.

زیاد كاكەڕەزا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "وەك فڕاكسیۆنی پارتی، پشتیوانی لە داوا ڕەواكانی قوتابیانی بەشەناوخۆیی كچان دەكەین و پێیمان وایە دەبێت بە زووترین كات پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێن، پێشتریش ئەو قوتابیانە داواكارییان دابووە پارێزگاری سلێمانی كە خۆڵ و خاشاك و ئەركی پاكردنەوەی بەشەناوخۆییەكان بگرنە ئەستۆ، بەڵام بەداخەوە دیارە ئەوە نەكراوە، بۆیە دەكرێت پارێزگا لەگەڵ كۆمیانیایەك گرێبەست بكات تا بە خێرایی رەوشی بەشەناوخۆییەكان چاك بكرێت".

كاكەڕەزا، هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو، قوتابیان داواكارییەكانیان نەداوەتە ئەنجوومەن، بۆیە ئەوەی دەكەوێتە ئەستۆیان دامودەزگا تایبەتمەندەكانن كە بە زووترین كات بە هانای قوتابیانەوە بچن، بۆ ئەوەی بیریان لای خوێندن و زانست بێت نەك خزمەتگوزاری و خراپیی رەوشی بەشەناوخۆییەكانیان.

دەشڵێ: "ئێستا وەرزی زستانە و دەبێ هەرچی پێداویستیی گەرمكەرەوە و ڕاگرتنی خاوێنیی بەشەناوخۆییەكانە، دابین بكرێن".
kdp-
Top