به‌غدا هه‌وڵ ده‌دات وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی هه‌رێم و ده‌زگای شه‌هیدانی فیدراڵ یه‌كبخات
له به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی میدیایی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا هاتووه، "ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان حه‌داد و ناجیحه عه‌بدولئه‌میر ئه‌لشه‌مه‌ری، سه‌رۆكی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراقی و ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی كورد له نووسینگه‌ی به‌شیر حه‌داد، گفتوگۆ له‌باره‌ی نه‌خشه‌ڕێگا و میكانیزمی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان ده‌زگای شه‌هیدانی عێراقی و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرا".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، "به‌شیر حه‌داد جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كان بۆ زیادكردنی پشكی دارایی بۆ دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان له بودجه‌ی ساڵی 2019 كرده‌وه" و، دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته سه‌رجه‌م داموده‌زگا حكوومی و په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بده‌ن".
حه‌داد ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له هه‌مووی گرنگتر وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، پێویسته هه‌وڵ بۆ یه‌كخستنی ده‌زگای شه‌هیدانی سه‌ر به حكوومه‌تی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت، بۆئه‌وه‌ی مافی ته‌واوی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه ده‌سته‌به‌ر بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پشتگیری ته‌واوی ئه‌و هه‌وڵانه ده‌كات".
له به‌رامبه‌ریشدا شه‌مه‌ری ئاماژه‌ی به‌كاری ئه‌و لێژنه‌یه كرد، كه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه تایبه‌ت بۆ یه‌كخستنی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراقی و وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی هه‌رێم پێكهێندراوه و گوتیشی: "یه‌كخستنی ئه‌و دوو لایه‌نه ئیدارییه مافی ته‌واوی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان له عێراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان مسۆگه‌ر ده‌كات".
تائێستاش وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نیشان نه‌داوه و مه‌به‌ستی به‌غداش له‌م هه‌نگاوه دیار نییه، ئاخۆ مه‌رامێكی سیاسییه‌وه ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه په‌یكه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم بچووك بكاته‌وه، یاخۆد ئامانجێكی مرۆڤایه‌تییه و ده‌یه‌وێت خزمه‌ت به خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بكات.
به‌ر لهماوهیهكیش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، "هه‌وڵ بۆ هاوتاكردنی مووچه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شه‌هیدانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌درێت".
k24 -
