نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای فه‌ره‌نسایی كۆبووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای فه‌ره‌نسایی كۆبووه‌وه‌
نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای فه‌ره‌نسایی كۆبووه‌وه‌ و، شانده‌كه‌ به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان بۆ دروستكردنی متمانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ گرنگ وه‌سف كرد.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25/11/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای فه‌ره‌نسی كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان خاتوو ماریێل دو سارنێز سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا و كلۆد گۆزاگن و خاتوو دێلفن ئۆ، ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ و بڕۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و دۆمنیك ماس كونسولی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌م سه‌ردانه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و نه‌به‌ردیی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر به‌رز نرخاند.

شانده‌كه‌ به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان بۆ دروستكردنی متمانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ گرنگ وه‌سف كرد.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی فه‌ره‌نساى بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد به‌تایبه‌تی ساڵی ڕابردوو كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك ماكرۆن سه‌ركۆماری فه‌ره‌نسا پاڵپشتیی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ی كرد.

ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی له‌ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی داعش و لێكه‌وته‌كانی به‌تایبه‌تی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكوه‌زیران باسی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی هه‌ردوو حكوومه‌ت له‌ به‌غدا و هه‌ولێر كرد و پشتگیریی خۆی بۆ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نیشان دا تاكو حكوومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو بكه‌وێته‌ سه‌ركار و سه‌قامگیری و دۆخێكى باشى ئابووری بۆ ناوچه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌
kdp -
Top