قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لەسەر سەگبەردان لە کچە قوتابییانی بەشە ناوخۆییەکان ڕژانە سەر شەقام

 قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لەسەر سەگبەردان لە کچە قوتابییانی بەشە ناوخۆییەکان ڕژانە سەر شەقام
قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لەسەر ئەو هەڕەشانەی کە کادیرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەرپرسی بەشە ناوخۆییەکانی کچانە، لەبارەی سەگبەردان لە کچە قوتابییەکان، ڕژانە سەر شەقام.

ناڕەزایی قوتابییانی زانکۆی سلێمانی بەرامبەر ئەو هەڵسووکەوتە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە لە دژی ئافرەتان.


یاریدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، 24 ھەزار قوتابیمان ھەیە، 14 ھەزار قوتابیییان کچن، 10 ھەزاریشیان لە بەشە ناوخۆیەکان نیشتەجێن، ئەو 10 ھەزار قوتابییەش لە 30 باڵەخانە نیشتەجێن.

دکتۆر ئاراس زەینەڵ، یاریدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کرد، کە ھەفتەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەری قوتابییان کۆ بووەتەوە،نوێنەری قوتابییان چوار داواکاری پێشکەش کردووە، وەک زیادکردنی کاتژمێری ئاوی گەرم و گەرمکەرەوەیان بۆ دابین بکەن، ئەم داواکارییانەیان بۆ جێبەجێ کراوە.

دەشڵێت: "کێشەی خاوێنکردنەوە، کافتریا و چاککردنەوە بەھۆی ڕۆتیناتی وەزارەتی دارایی دواکەوتووە، ھەروەھا بەھۆی ھەڵبژاردنەوە، بووەتە ھۆی دواکەوتنی ڕێگەپێدانی وەزارەتی دارایی".

دکتۆر ئاراس زەینەڵ ڕوونیشی کردەوە: "سبەی دووشەممە 26/11/2018 تەندەرین دەکرێتەوە، نزیکەی 15 کۆمپانیا بەشداری ئەم تەندرینەیان کردووە".

سەبارەت بەو سەگانەی کە لە بەشە ناوخۆیی کەمپی نوێ ھەن، یاریدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی گوتی: "ئەو بەشە ناوەخۆییە دواوەی چۆڵەوانییە، نووسراویان کردووە بۆ شارەوانی تا ھاوکارییان بکەن و ئەم سەگانە دوور بخەنەوە، تا ئێستاش 35 سەگیان دوور خستووەتەوە و تەنیا پێنج سەگ ماون و ئەمڕۆ یان بەیانی، دووریان دەخەنەوە".

دکتۆر ئاراس زەینەڵ ئەوەشی خستە ڕوو، وەکوو سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لێژنەیەکیان دروست کردووە، بۆ لێکۆلینەوە لەو ڕووداوانەی کە لە بەشە ناوخۆییەکی کچان ڕوویان داوە.









باسنيوز
Top