نێچیرڤان بارزانی: شانازییەكانی دەڤەری سۆران بە خوێنی زیاتر لە 11 هەزار شەهید تۆمار كراوە
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦/٩/٢٠١٨، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاهەنگێكی بەرفراوان بۆ بانگەشەكردن و سەرخستنی لیستی (١٨٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە شاری سۆران ساز کرا.
لەو ئاهەنگە جەماوەرییەدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش بە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە ناوچەکە و خەڵکی کوردستان کرد و تیایدا سڵاوی خۆی ئاراستەی بەشداربووانی مەراسیمەکە و خەڵکی ناوچەکە و کوردستان و هەموو شوێنێکی جیهان کرد کە لەپێناو بەهێزتر مانەوەی کوردستان، حەز بە سەرکەوتنێکی دیکەی دیموکراسییانەی پارتی دەکەن. ڕۆڵی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکەی لە پاراستنی خاکی کوردستان بە فیداکردنی گیان و خوێنی پیرۆزی (١٢٣) پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی (٨١٢) پێشمەرگەی دیکەی ناوچەکەی لە شەڕی داعش بەرز نرخاند.
هەروەها بهڕێزیان قارەمانێتی و گیانبەخشیی زیاتر لە (١١) هەزار شەهید لە شۆڕشەکانی بارزان و كۆماری كوردستانەوە تا ئێستای بە شانازیی خەڵكی ئەم دەڤەرە وەسف کرد بەوەی کە كوردستانپارێزیی ئەوان بە گیانبهخشی نووسراوەتەوە و پارتیبوونیشی بە قەد چیا سەرکەشەکانی کوردستان بە مایەی سەربەرزی دانا.
بەڕێزیان، ئاماژەی بە دۆزینەوەی یەکەمین شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە ناوچەکە و دەسەڵاتدارێتیی خانزادی سۆران وەک یادگاریی دەسەڵاتی ژنی كورد كرد و دەڤەری بارزانی بە شوێنی نووسینەوەی یەكەمین بهرنامهى بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان پێناسە کرد و ناوچەکانی چۆمان و گەڵاڵە و باڵەكایەتیی بە مەڵبەندی یەكەمین شۆڕشی هاوچەرخی سەرتاسەری كوردستان، ناوچەکانی سیدەكان و كێلەشین و خواكوڕكیشی بە یادگاریی مێژووی كوردستان و تۆمارکردنی داستانی نەبەردیی پێشمەرگە وەسف کرد. هەربۆیە ئەو ناوچانەی بە جێی شانازیی کوردستانییان و مرۆڤایەتی لەقەڵەمدا و خەڵکەکەی بە ئازا و سنوورەکەشی بە پارتیپارێز ناساند.
پێکەوەژیانی ئایینی بەشێکی دیکەی وتارەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بوو و لەو ڕووەوە پێکەوەژیانی موسڵمان و کریستیانانی ناوچەکانی بێدیال، هاودیان و دیانای وەک پێكەوەژیانی كهموێنه له ڕۆژههڵاتی ناوەڕاست باس کرد کە توانیویانە نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئایینی و ئاوێتەبوونی خەباتی کریستیان و موسڵمانانی ناوچەکە لە شۆڕش و ژیاندا نیشان بدەن.
لەڕووی پارتایهتیشهوه ئاشكرای كرد کە ئەم دەڤەرە لە ڕۆژە سەختەکانی شۆڕشدا شوێنی قارەمانێتی و ڕێکخستنەکانی پارتی بووە، هەربۆیە، پارتی بەم دەڤەرە سەربڵندە، بەتایبەت کە خەڵکەکەی بوونەتە مایەی پێشکەوتن بۆ هەموو کوردستان و زانکۆی سۆرانی بە نموونەیەکی زیندوو هێنایەوە کە ساڵانە لە پێشکەوتنەکانی بەردەوام دەبێت.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، باسی لە پڕۆژە گەشتیارییە گەورەکانی ناوچەکە کرد کە بە پشتیوانی و ئاسانکاریی حکوومەت هاتوونەتە ئاراوە و موژدەی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دیکەی گەشتیاریی پێدان کە هەموویان دەبنە هۆکاری ڕاکێشانی گەشتیار و زیادبوونی دەرفەتی کار و لە ئەنجامدا، باشتربوونی داهاتی خەڵكی کوردستان بەگشتی و ناوچهكه بەتایبەتی لێدەکەوێتەوە.
بەڕێزیان باشترکردنی ڕێگاوبانەکان، ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر، بایەخدانی پتر بە خاڵە سنوورییەکان، کارکردن بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی نێوان تورکیا و سنووری مێرگەسۆر و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکان، بە بەشێک لە بەرنامەکانی داهاتووی حکوومەت لەقەڵەمدا کە پڕۆژەکان لە حکوومەتی داهاتوودا بەپێی پێویست و توانای دارایی جێبەجێ دەكرێن.
بەڕێز جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە حزبەکەی هەروەک چۆن هەڵگیرسێنەری شۆڕش و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەكان بووە، ئێستاش ئەمینترین و باوەڕپێكراوترین هێز و ئەندازیاری پێشكەوتن و ئاوەدانییە و پلانی ههمهلایهنهی هەیە بۆ گهشهپێدانی زیاتری كوردستان. وەک بەڵگەش لێدوانی سەرەتاکانی ڕاپەڕێنی سەرۆک بارزانی لە دیانای بەبیر بەشداربووانی مەراسیمەکە هێنایەوە کە تیایدا بەڵێنی مانەوە و تێکشکاندنی پەلاماری سوپای ڕژێمی دا و بەڵێنەکەش لە تۆماركردنی داستانی کۆڕێدا بهجێگهیاند، ههروهها دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردووی کەرکووکیش هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە داستانەکانی پردێ و سحێلا و مەخموور، خەونی ناحەزان و دوژمنانیان بۆ گرتنی هەولێر لەگۆڕنا و پیلانەکانیان تێکشکێندرا کە نەهێشتنی قەوارەی هەرێم، هەڵوەشاندەوەی حکوومەتی هەرێم و لەت لەتکردنی کوردستان بوو.
ئەوەشی باس کرد کە دواتر دەستیان بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان کردەوە و ئابڵۆقەی سەر ئاسمانی کوردستانیان لادا و دواتریش بە کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە، پرۆسەی چاکسازییان درێژە پێدا. بەڵێنیی ئەوەشی بە خەڵک دا کە بە پشتیوانیی ئەوان، کوردستان بەهێزتر دەکەن.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەشداری و سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بە سەرکەوتنێکی دیکەی حزبەکەی دانا کە سەرەڕای داگیرکرانی بارەگاکانیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە پارێزگای کەرکووک، پارتی توانی ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق. هەربۆیە ڕووی لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد کە دەیانەوێ هاوبهشی دهستوری ڕاستهقینه بن لە دروستكردنەوەی ئارامیی سیاسی و ئیداری بۆ خەڵكی عێراق، لەو ڕووەوە هەولێری بە خاوەنی كلیلە بەهێزەكانی ئارامیی سیاسی و ئیداری و هەروەها پردی ئاشتی و شوێنی ڕێککەوتن وەسف کرد و دووپاتی كردهوه كه هیچ ڕێككەوتنێك بە بێ هەولێر سەرناكەوێت و دەیانەوێ هێزی هەولێر بەكار بێنین بۆ ڕێككەوتنێكی تەواو لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان كە مافەكانی خەڵكی عێراق و كورد بناغەی ئەو ڕێككەوتنە بن، نەك سەفەقاتی سیاسیی خۆپهرستانهى ههرزان و شەخسی و دوور لە بەرژەوەندییەكانی خەڵك.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ڕووی قسەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و پێی گوتن کە پارتی حیزبێك نییە دەرفەتی ستراتیژی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و دەیەوێ بە هاوبەشی بڕیار له هەموو هەنگاوەكان بدرێت و نایانەوێت پۆستەكانی كورد لە بەغدا بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بەكار بهێندرێن، بەڵکوو دەبێ بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بن و بۆ ڕێگرتن بێت لە پیلانگێڕان دژی هەرێمی كوردستان.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جهختی لهوهش كردهوه كه بە پاڵپشتیی هەمیشەیی خەڵکی کوردستان، و بە بەیانکردنی ئەو ڕاستییەی کە کارنامەی ٥ ساڵی ڕابردووی پارتی بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان و ژیان و ئازادی لای خەڵک ئاشکرایە، خواستی حزبەکەی بۆ سەرکەوتنی زیاتر خستەڕوو بۆ بەرەوپێشبردنی زیاترى ژیانی خەڵكی كوردستان.
بۆیە داوای لە هەمووان کرد ئەمجارەش لەپێناو ئارامی و بەردەوامبوونی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، خۆنەچەماندن و سەرفرازی، بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان و ناوچە دابڕاوەکانی، هەروەها لەپێناو بهردوامبوونی پێكەوەژیان و بەهێزتربوونی هێزی بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، هەمووان دەنگ بدەن بە لیستی (١٨٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستان. بیری ئامادهبووانیشی هێنایهوه كه تهنیا یهك دهنگیش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگه.
kdp-
