نێچیرڤان بارزانی: هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ هەولێر سەرکەوتوو نابێت
نێچیرڤان بارزانی لە میانی کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتی لە سۆران، داوای لە لایەنگرانی حزبەکەی کرد، سەیری چیا سەربەرزەکان بکەن، ”سەری ئێوەی پارتی بە ئەندازەی ئەو چیایانە بەرزە. ئێمە و ئەو چیایانە مێژووی سەربەرزی و بەرگریمان پێوە هەیە، پارتیبوون بەقەد ئەو چیایانە سەربەرزییە“.
دەڤەرەکەشی بە مایەی شانازیی پارتی و مرۆڤایەتیش لەقەڵەم دا کە یەکەمین یەکەم شوێنی ژیان و گەشەی مرۆڤ بووە. جەختیشی کردەوە: ”پارتی ئەمینترین و باوەڕپێکراوترین هێزە و بزووتنەوەی ڕێککەوتن و ئاشتییە. پارتی پلانێکی هەمەلایەنەی هەیە بۆ گەشەپێدانی زیاتری کوردستان“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕاشکاوانە ئاشکرای کرد، هەرچەندە هەندێک لایەن لە تەلەڤزیۆنەوە هەواڵی چۆڵکردنی هەولێر و کەوتنی قەڵای پارتییان بڵاو دەکردەوە، بەڵام ”لە پردێ هێزی پێشمەرگەی ئێوە خەونی تێکشکاندنی پارتییان وەک دەیان جاری دیکە کرد بە خەونی حوشتر. لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵن و هەرێمی کوردستان لەت بکەن، لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا کورد بێئیرادە بکەن. لەگەڵ ئەملا و ئەولا ڕێک دەکەوتن بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێننەوە، ئێمە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانمان ڕێکخستەوە و ئابڵووقەی ئاسمانیمان لەسەر کوردستان لادا و پاشەکەوتی مووچەمان زۆر کەم کردەوە و چاکسازیمان دەست پێکرد و کۆمپانیاکان دەستیان بە پڕۆژەکانیان کردەوە. بە پشتیوانی و هێزی ئێوە، کوردستان بەهێزتر دەکەین“.
دووپاتیشی کردەوە: ”لەو دۆخە سەختەدا کە ناحەزان خەونیان بە نەهێشتنی پارتییەوە دەبینی، بەشداریمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد، سەرەڕای هەموو ناحەقییەکان بەرامبەر بە پارتی و داگیرکردنی بارەگاکان و گرتن و دەرکردنی ئەندامەکانی، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی کوردستان، سەرەڕای بەشدارینەکردنمان لە کەرکووک و ساختەکاری و فەوتاندنی زۆر لە دەنگەکانمان، پارتەکەی ئێوە، بوو بە حزبی براوەی یەکەم، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو عێراقدا. ئەو سەرکەوتنە نەدەکرا، ئەگەر بە پشتیوانی و خۆڕاگری و دڵسۆزیی ئێوە نەبووایە لە سندووقەکانی دەنگداندا“.
نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کرد کە پارتی دەیەوێ پردی ئاشتی و شوێنی ڕێککەوتن بێت و ”هیچ ڕێککەوتنێکیش بەبێ هەولێر سەرناکەوێت“. گوتیشی: ”بۆ ئارامیی ناوچەکە دەبێ هێڵی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بەهێز بێت. دەمانەوێ هێزی هەولێر بەکار بهێنین بۆ ڕێککەوتنی تەواو لە نێوان عێراق و کوردستان. مافەکانی خەڵکی کوردستان بنەمای ڕێککەوتنەکە بێت نەک سەفەقاتی شەخسیی“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە نایانەوێت پۆستەکانی کورد لە بەغدا بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکار بێت، بەڵکوو دەیانەوێ پۆستەکان بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و ڕێگرتن بێ لە پیلانگێڕیی دژی خەڵکی کوردستان.
بۆیە داوای کرد هەمووان لە پێناو کوردستانێکی بەهێز، دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
باسنيوز
