ده‌رمانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی به‌ركه‌وتوانی كیمیاباران گه‌یشته‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌

  ده‌رمانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی به‌ركه‌وتوانی كیمیاباران گه‌یشته‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (26/9/2018)، وەجبەی یه‌كه‌می ده‌رمانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی به‌ركه‌وتوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراقه‌وه‌، گه‌یشته‌ كۆگای ده‌رمانی هه‌ڵه‌بجه‌.

د.ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕايگه‌یاند: "مانگی ڕابردوو، سه‌ردانی وه‌زیری ته‌ندروستیی عێراقمان كرد و له‌و سه‌ردانه‌مان داوای دابینكردنی ده‌رمانمان كرد بۆ نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ بڕی یه‌كه‌می ئه‌و ده‌رمانه‌ی كه‌ داوامان كردبوو گه‌یشته‌ كۆگای ده‌رمانیی هه‌ڵه‌بجه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "گه‌یشتنی ئه‌و ده‌رمانانه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ سه‌رپێخستنی نه‌خۆشخانه‌ی به‌ركه‌وتوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، چونكه‌ (280) كه‌سی بۆ دامه‌زراوه‌، به‌ڵام هه‌تا ئێستا ده‌ست به‌كار نه‌بوون".

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه‌، گوتیشی: "ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه‌ به‌ لیستێك بۆمان ناردوون و داوای دابینكردنیمان كردوون‌، به ‌چه‌ند كاروانێك بۆمان دابین ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ كاروانی یه‌كه‌میان ناردووه‌ و بریاره‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووش كاروانی دووه‌م بگاته‌ ده‌ستمان".











باسنيوز
Top