لە كەركووك پێنج بەڕێوەبەری دیكەی كورد لادران

 لە كەركووك پێنج بەڕێوەبەری دیكەی كورد لادران
حەفتەی رابردوو، پارێزگاری كەركووك بڕیاری لەسەركارلادانی پێنج بەڕێوەبەری كوردی سنووری كەركووكی دەركرد. نوێنەرێكی خەڵكی كەركووكیش دەڵێ، عەرەباندن ھەموو كەرتەكانی گرتووەتەوە و ھاوردەكردنی عەرەب بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان، بەردەوامە.

لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، دەستەڵاتی بەزۆر سەپێندراوی كەركووك بە پیلانێكی پێشتر داڕێژراو، دەستی كردووە بە سڕینەوەی كورد لە ئیدارەی كەركووكدا و تا ئێستا دەیان بەڕێوەبەری كورد لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە.

لەو بارەیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك بەردەوامە و بگرە زیادیشی كردووە، چونكە تەنیا لە حەفتەی رابردوودا لەلایەن ئیدارەی سەپێندراوی پارێزگای كەركووكەوە، پێنج بەڕێوەبەری دیكەی كورد لەسەر كارەكانیان دوور خراونەتەوە و لادراون، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر چەندین بەڕێوەبەری دیكەی كورد لەسەر كارەكانیان لادراون و كەسانی عەرەب و شۆڤێنی لە شوێنیان دانراون".

بەپێی زانیارییەكانی بەرپرسانی كورد لە كەركووك، عەرەبی شۆڤێنی لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە بە لێشاو ھاوردەی كەركووك دەكرێن و لەسەر زەویی كورد جێگیر دەكرێن.

عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە: "عەرەباندن ھەموو جۆمگەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئیداریی گرتووەتەوە و، بەردەوام عەرەب ھاوردەی كەركووك دەكرێن و لەسەر زەویی كورد جێگیر دەكرێن، بە تایبەتی لەو سنوورانەی لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەكاندا ھاوبەشن".
kdp-
Top