د. دیندار زێباری هەنگاوە پراکتیکییەکانی کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند

د. دیندار زێباری هەنگاوە پراکتیکییەکانی کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم، هەنگاوە پراکتیکییەکانی کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێم لە ڕووی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٨ هەنگاوە پراکتیکییەکانی کابینەی هەشتی حکوومەتی لە ڕووی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بۆ ڕای گشتی خستە ڕوو. ئامانج لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە پێشاندانی ئەو هەوڵانەیە کە حکوومەتی هەرێم لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بۆ پاراستنی ڕەوشی ئەمنی، مرۆیی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گرتوونییەتە بەر، چونکە وەک پێویست لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا هەوڵ و کۆششەکانی حکوومەت نەخراونەتە ڕوو.

زێباری دەڵێت: دەبوو مەلەفی حوکمڕانی باس لە ئازادییەکان، مافە گشتییەکان و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و لە هەمان کاتیشدا ئەو حوکمڕانییەی ئەم کابینەیە لە زۆر لایەندا تێیدا سەرکەوتوو بووە زۆر باشتر و جوانتر بەرجەستە کرابا، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر بە کەمی دەبیندرێت باسی هەنگاوەکانی ئەم کابینەیە کرابێت، بەتایبەتی لە کەیسە هەستیارەکاندا. حکوومەت سەرکەوتوو بووە و لەو ماوەیە کە تێپەڕیوە دەستەوەستان نەوەستاوە.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم قەیرانە بریتی بوون لە شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابووری لە لایەن حکوومەتى ناوەندەوە بۆ سەر هەرێمى کوردستان، ڕێگریکردن لە هاتوچۆى فڕۆکە و داخستنى فڕۆکەخانەکان بۆ چەندین مانگ، بەردەوام بەزاندنى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان لە لایەن وڵاتانى دەوروبەر و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییان و چۆڵکردنى گوندەکان، کە ئەمەش لۆدێکى زۆرە بۆ حکوومەتى هەرێم، هەروەها پێشوازیکردن لە نزیکەى (2000,000) دووملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمى کوردستان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "سەرەڕای ئەم قەیرانانە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا حکوومەتی هەرێم پێشوازیی لە نزیکەی (٢٥٠٠٠٠) پەنابەری ڕۆژئاوا کردووە و لە هەرێم نیشتەجێی کردوون، لەوانە (%٣٨)یان بەسەر (٩) کەمپدا دابەش کراون؛ (٤ لە دھۆک، ٤ لە ھەولێر، ١ لە سلێمانی) و (%٦٢)ی دیکەیان لە دەرەوەی کەمپەکان کە لە شار و شارۆچکەکان دەژین. هەروەها هەرێم بووەتە شوێنی حەواندنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ڕاگوێزراوی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان کە دوای تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی و سەرهەڵدانی شەڕی تائیفی لە عێراق ڕوویان لە کوردستان کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ٧٠%ی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین دەکرێت، لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوەیە و تەنها ٣٠%یان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانەوە دابین دەکرێت".

جیا لە بەڕێوەبردنی ئەم هەموو ئاوارە و پەنابەرە، حکوومەتی هەرێم ڕەوشی ژنانی لە بابەتە هەرەسەرەکییەکانی خۆی داناوە، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند: "به‌ڕێوەبەرایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ئافره‌تان له‌ (6) به‌ڕێوبه‌رایه‌تى و (28) نووسینگه‌ و چه‌ندین هۆبه‌ پێك هاتووه‌ كه‌ ساڵانە‌ زیاتر له‌ (9000) سكاڵا له‌ به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى و نووسینگه‌كانى سه‌ر به‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ تۆمار ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئەم به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییە بۆ باشتر ڕاپه‌راندنى كاره‌كان و زیاتر به‌ هاناوەچوونى كێشه‌كان له‌ نێو كه‌مپه‌كان (23) تیم مۆبایلیان پێك هێناوە بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى خزمه‌ت به‌ ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌كان بكه‌ن له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شار و شارۆچكانه‌ى كه‌ ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌یان تێدایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. هە‌وڵی تە‌واو دراوە‌ بۆ پاراستنى ئە‌و ئافرە‌تانە‌ى كە‌ تووشی كێشە‌ دە‌بنە‌وە‌ و توانای گە‌ڕانە‌وە‌یان نییە‌ بۆ ماڵی خۆیان، دە‌نێردرێن بۆ شە‌ڵتە‌رە‌كان و لە‌وێدا پە‌نا دە‌ردێن، پاشان ڕە‌وانە‌ی دادگا دە‌كرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئۆتۆمبێل و پاسەوانی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت".

لەم کابینەیەدا وەک پێویست بایەخ بە ئافرەت دراوە و چەندین ئافرەت لە دەزگای دادوەری دامەزراون، لەوانە دامەزراندنی ژمارەیەک ئافرەت لە بواری دادوەری، دەیان ئافرەت وەک داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، لە ناویاندا (١٧) داواکاری گشتی لە هەولێر، (24) داواکاری گشتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، (7) لە دهۆک و (١) لە گەرمیان، (30) دادوەری ئافرەت لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە دامەزراون لە ناویاندا (10) دادوەر لە هەولێر، (14) لە سلێمانی و هەڵەبجە، (5) لە دهۆک و (2) گەرمیان. (94) لێکۆڵەری دادوەری و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادوەری لە هەرێم دامەزراون.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایشیگەیاند: حکوومەتی هەرێم هەوڵی جددیشی داوە بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانی بە مرۆڤ بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی و ئەو کەسانەی بازرگانییان بە منداڵانەوە کردووە، دەستگیر کراون و لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو تۆمەتبارانە وەرگیراوە کە ئەم منداڵانەیان بەکار هێناوە. ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە تۆمارەکانی بنکەکانی پۆلیسی نەوجەوانان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون گەیشتووەتە (786) منداڵ کە تەمەنیان لە خوار (18) ساڵە .

بابەتێکی دیکە کە گوشاری زۆری خستووەتە سەر حکوومەت لە ماوەی ڕابردوودا شەڕی داعش بووە، لە ماوەی ساڵانی نێوان 2014-2016دا (2652) کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کراون و (1100) کەس تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە بەسەردا ساغ بووەتەوە بە بەڵگەوە و سزا دروان. حوکمی ئەم تاوانبارانە بریتی بووە لە زیندانی لە نێوان سێ ساڵ تا زیندانی تاهەتایی، بە پێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە. لەم ژمارەیەی دەستگیر کراون (870) کەسیان بێتاوان دەرچوون و ئازاد کران، (682) کەسیشیان تا ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.

د. دیندار زێباری ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێم زیاتر لە (٥,٠٠٠) لەو ئێزدییانەی لە چیای شنگاڵ گەمارۆ درابوون ڕزگاری کرد و گواستنییەوە بۆ پارێزگاکانی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی یوئێن لە کوردستان شوێنی حەوانەوەی تایبەتان بۆ دابین کرا. لە لایەکی دیکەوە نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لیژنەیەی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ڕفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگارکردنیان و ئەم پرۆسەیە ئێستاش بەردەوامە. بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت تا ڕۆژی 5/9/٢٠١٨ ژمارەی ئێزدییە ڕزگارکراوەکان (٣322) کەس بووە، لەوانە (١١56) ئــافرەت و (337) پیاو و (956) کچ و (873) کوڕ ڕزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (3131) کەسە، لەوانە (1436) ئافرەت و (1695) پیاو کە لە دەست داعش ماون. تا ئێستا نزیکەی (١٠٠) لەو ئافرەتانەی ڕزگار کراون، ڕەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا کراون بۆ چارەسەرکردن، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە بیانییەکان.

ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی یەکێکی دیکە لەو کارە باشانە بووە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەجددی کاری لەسەر کراوە و لە میانی هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەستەی گشتیی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە. دەستەی نەزاهە ستراتیژیى نیشتمانى داناوە بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وەى گه‌نده‌ڵى، لەم هەوڵانەدا بۆ ماوه‌ى (٥) ساڵ له‌ (2017 تا 2021) به‌ چەند قۆناغێک جێبه‌جێ ده‌كرێت، کە قۆناغەکانی بریتین لە له‌ داڕشتنى هێڵه‌ گشتییه‌كانى ستراتیژییه‌كه‌ کە ئه‌م قۆناغه‌ ته‌واو بووه‌ و ڕه‌شنووسى ستراتیژییه‌كه‌ ئاماده‌یه‌، وردكردنه‌وه‌ى هێڵه‌ گشتییه‌كان و له‌ ڕێگه‌ى چه‌ند ئاكشن پلانێك له‌ ناو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت، هەروەها جێبه‌جێكردن و چاودێریكردنى پرۆسه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ى لیژنه‌یه‌ك كه‌ به‌ بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێك هێندراوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى. ئامارى بڕیارەکانی دادوەرى دەستگیرکردن و ئامادەکردن فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکان بۆ ساڵی ٢٠١٧ بەم شێوەیە بووە کە ٣٧٦ بڕیار دەرچووە، لەو ژمارەیە ٢٦٦ بڕیاریان جێبەجێ کراون و ١١٠ بڕیار جێبەجێ نەکراوە و پرۆسەی نەهێشتنی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستانیش درێژەی هەیە.

لە کۆتاییی قسەکانیدا زێباری ڕایگەیاند: "ئەوانەی باسم کردن تەنیا نموونەیەکی کەم لەو کارانەن کە حکوومەتی هەرێم لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی ڕابردوودا ئەنجامی داوە و پێویستە ڕوونتر و شەفافانەتر هەر وەزارەت و لایەنێکی پەیوەندیدار بابەتەکان و ئەو کارانەی حکوومەت لە وەزارەتەکانیان ئەنجامی داوە بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی خەڵک بەرچاوڕوونی زیاتری هەبێت لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت."
kdp-
Top