عەلی عەونی: رێژەی دەنگەكانی پارتی لە سلێمانی و شوێنەكانی دیكەش زیاد دەكات
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە رێژەی دەنگەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان زیاد دەكات.
عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، ڕاگەیاند: "رێژەی كورسییەكانی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا زیاد دەكات و بە مەودایەكی زۆر گەورە لە پێش حزبی دووەمەوە دەبێت، واتا پارتی هەر حزبی یەكەم نابێ، بەڵكو زۆر زیاتر لە پێشەوە دەبێ و ئەو دڵنیابونەشمان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بەپێی راپرسی رێكخراوەكانی خۆمان و ركابەرەكانیشمان دەریخستووە كە ڕێژەی دەنگەكانی پارتی زیاد دەكات".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە لیستی 183 پارتی سەركەوتنی مەزن بەدەست دەهێنێت و لەو ژمارە كورسییە ئێستا زۆر زیاتر دەهێنێت.
لە بارەی ئەوەی ئایا رێژەی دەنگەكانی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجەش زیاد دەكات، ئەو سەركردەیەی پارتی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەگەر تەزویر لەو ناوچانە نەكرێت پارتی دەنگەكانی لە سلێمانی و هەڵەبجە و شوێنەكانی تریش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان زیاد دەكات.
بڕیارە 30/9/2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.
bas news-
