رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم هەنگاوە پراکتیکیەکانی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم لەرووی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ رای گشتی دەخاتە روو

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم هەنگاوە پراکتیکیەکانی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم لەرووی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ رای گشتی دەخاتە روو
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٨ هەنگاوە پراکتیکیەکانی کابینەی هەشتی حکومەتی لەرووی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ رای گشتی خستە روو. ئامانج لەم کۆنگرە رۆژنامەوانییە پیشاندانی ئەو هەوڵانەیە کە حکومەتی هەرێم لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی، مرۆیی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر چوونکە وەک پێویست هەوڵ و کۆششەکانی حکومەت نەخراونەتە روو.

زێباری دەڵێت دەبوو مەلەفی حکومڕانی باش لە ئازادییەکان، مافە گشتییەکان و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و لە هەمان کاتیشدا ئەو حکومڕانیەی ئەم کابینەیە لە زۆر لایەندا تێیدا سەرکەوتوو بووە زۆر باشتر و جوانتر بەرجەستە کرابا بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر بە کەمی دەبیندرێت باسی هەنگاوەکانی ئەم کابینەیە کرابێت بەتایبەتی لە کەیسە هەستیارەکاندا. حکومەت سەرکەوتوو بووە و لەو ماوەیە کە تێپەڕیوە دەستەوەستان نەوەستاوە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێم رووبەرووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، هۆکارەکانی دروست بوونی ئەم قەیرانە بریتی بوون لە شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابووری لەلایەن حکومەتى ناوەند بۆ سەر هەرێمى کوردستان، رێگریکردن لە هاتووچۆى فڕۆکە و داخستنى فڕۆکەخانەکان بۆ چەندین مانگ، بەردەوام بەزاندنى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و لەلایەن وڵاتانى دەوروبەر و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتیان و چۆڵکردنى گوندەکان کە ئەمەش لۆدێکى زۆرە بۆ حکومەتى هەرێم، هەروەها پێشوازیکردن لە نزیکەى (2000,000) دووملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمى کوردستان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی "سەرەڕای ئەم قەیرانانە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا حکومەتی هەرێم پێشوازی لە نزیکەی (٢٥٠٠٠٠) پەنابەری رۆژئاوا کردووە و لە هەرێم نیشتەجێیان کردوون لەوانە (%٣٨) یان بەسەر (٩) کەمپدا دابەشکراون (٤ لە دھۆک، ٤ لە ھەولێر، ١ لە سلێمانی) و (%٦٢) ی دیکە لە دەرەوەی کەمپەکان کە لە شار و شارۆچکەکان دەژین. هەروەها هەرێم بووەتە شوێنی حەواندنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو راگوێزراوی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان کە دوای تێکچوونی رەوشی ئەمنی و سەرهەڵدانی شەڕی تائیفی لە عێراق روویان لە کوردستان کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ٧٠%ی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوەیە و تەنها ٣٠% لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکان دابین دەکرێت".

جیا لە بەرێوەبردنی ئەم هەموو ئاوارە و پەنابەرە حکومەتی هەرێم رەوشی ژنانی لە بابەتە هەرەسەرەکیەکانی خۆی داناوە، د.دیندار زێباری رایگەیاند "به‌ڕێوەبەرایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ئافره‌تان له‌ (6) به‌ڕێوبه‌رایه‌تى و (28) نوسینگه‌ و چه‌ندین هۆبه‌ پێكهاتووه‌ كه‌ ساڵانە‌ زیاتر له‌ (9000) سكاڵا له‌ به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى و نووسینگه‌كانى سه‌ر به‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ تۆمار ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئەم به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیە بۆ باشتر راپه‌راندنى كاره‌كان و زیاتر به‌ هانا چوونى كێشه‌كان له‌ نێو كه‌مپه‌كان (23) تیم مۆبایلیان پێكهێناوە بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى خزمه‌ت به‌ ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌كان بكه‌ن له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شار وشارۆچكانه‌ى كه‌ ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌ی تێدایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. هە‌وڵی تە‌واو دراوە‌ بۆ پاراستنى ئە‌و ئافرە‌تانە‌ى كە‌ تووشی كێشە‌ دە‌بنە‌وە‌ و توانای گە‌ڕانە‌وە‌یان نییە‌ بۆ ماڵی خۆیان، دە‌نێردرێن بۆ شە‌ڵتە‌رە‌كان لە‌وێدا پە‌نا دە‌ردێن پاشان رە‌وانە‌ی دادگا دە‌كرێت بۆ ئەم مەبەستەش ئۆتۆمبێل و پاسەوانی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت".

لەم کابینەیەدا وەک پێویست بایەخ بە ئافرەت دراوە و چەندین ئافرەت لە دەزگای دادوەری دامەزراون لەوانە دامەزراندنی ژمارەیەک ئافرەت لە بواری دادوەری، دەیان ئافرەت وەک داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان دامەزراون لەناویاندا (١٧) داواکاری گشتی لە هەولێر، (24) داواکاری گشتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، (7) لە دهۆک و (١) لە گەرمیان، (30) دادوەری ئافرەت لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە دامەزروان لە ناویاندا (10) دادوەر لە هەولێر، (14) لە سلێمانی و هەڵەبجە، (5) لە دهۆک و (2) گەرمیان. (94) لێکۆڵەری دادوەری و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادوەری لە هەرێم دامەزراون.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راشیگەیاند کە حکومەتی هەرێم هەوڵی جددیشی داوە بۆ رێگری کردن لە بازرگانی بە مرۆڤ بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی و ئەو کەسانەی بازرگانیان بە منداڵانەوە کردوە دەستگیرکراون و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو تۆمەتبارانە وەرگیراوەکە ئەم منداڵانەیان بەکارهێناوە. ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەتۆمارەکانی بنکەکانی پۆلیسی نەوجەوانان لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراوون گەیشتووەتە (786) منداڵ کە تەمەنیان لەخوار (18) ساڵە .

بابەتێکی دیکە کە گوشاری زۆری خستووەتە سەر حکومەت لە ماوەی رابردوودا شەڕی داعش بووە، لە ماوەی ساڵانی نێوان 2014-2016 (2652) کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیرکراون و (1100) کەس تۆمەتی پەیوەندی کردنیان بە داعشەوە بەسەردا ساغ بۆتەوە بە بەڵگەوە و سزادروان.حوکمی ئەم تاوانبارانە بریتی بووە لە زیندانی لە نێوان سێ ساڵ تا زیندانی تاهەتایی بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.لەم ژمارەیەی دەستگیر کراون (870) کەسیان بێتاوان دەرچوون و ئازاد کران، (682) کەسیشیان تا ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.

د. دیندار زێباری رایگەیاند حکومەتی هەرێم زیاتر لە (٥,٠٠٠) لەو ئێزیدییانەی لە چیای شنگاڵ گەمارۆ درابوون رزگاری کردن و گواستنیەوە بۆ پارێزگاکانی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی یوئێن لە کوردستان شوێنی حەوانەوەی تایبەتان بۆ دابینکرا.لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لیژنەیەی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان و ئەم پرۆسەیە ئێستاش بەردەوامە. بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت تا ڕۆژی 5/9/٢٠١٨ ژمارەی ئێزیدیە ڕزگار کراوەکان (٣322) کەس بووە لەوانە (١١56) ئــافرەت و (337) پیاو و (956) کچ و (873) کوڕ ڕزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (3131) کەسە لەوانە (1436) ئافرەت و (1695) پیاو کە لە دەست داعش ماون .تا ئێستا نزیکەی (١٠٠) لەو ئافرەتانەی رزگارکراون، رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا کراون بۆ چارەسەرکردن بەتایبەتی لەرووی دەروونییەوە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە بیانییەکان.

رووبەروو بوونەوەی گەندەڵی یەکێکی دیکە لەو کارە باشانە بووە کە لەماوەی رابردوودا بەجددی کاری لەسەر کراوە و لە میانی هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەستەی گشتی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2011 ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە.

دەستەی نەزاهە ستراتیژى نیشتیمانى داناوە بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وەى گه‌نده‌ڵى، لەم هەوڵانەدا بۆ ماوه‌ى (٥) ساڵ له‌ (2017 تا 2021) به‌ چەند قۆناغێک جێبه‌جێ ده‌كرێت کە قۆناغەکانی بریتین لە له‌ داڕشتنى هێڵه‌ گشتیه‌كانى ستراتیژیه‌كه‌ کە ئه‌م قۆناغه‌ ته‌واو بووه‌ ره‌شنووسى ستراتیژیه‌كه‌ ئاماده‌یه‌، ووردكردنه‌وه‌ى هێڵه‌ گشتیه‌كان و له‌ رێگه‌ى چه‌ند ئاكشن پلانێك له‌ناو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جێ به‌ جێ ده‌كرێت، هەروەها جێبه‌جێكردن و چاودێرى كردنى پرۆسه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌ك كه‌ به‌ بریارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێكهێندراوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى. ئامارى بریارەکانی دادوەرى دەستگیرکردن و ئامادەکردن فەرمانگەى لێکۆڵینەوەکان بۆ ساڵی ٢٠١٧ بەم شێوەیە بووە کە ٣٧٦ بڕیار دەرچووە لەو ژمارەیە ٢٦٦ بڕیاریان جێبەجێ کراون و ١١٠ بڕیار جێبەجێ نەکراوە و پرۆسەی نەهێشتنی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستانیش درێژەی هەیە.

لە کۆتایی قسەکانیدا زێباری رایگەیاند "ئەوانەی باسم کردن تەنها نموونەیەکی کەم لەو کارانەن کە حکومەتی هەرێم لەماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردوو ئەنجامی داوە و پێویستە روونتر و شەفافانەتر هەر وەزارەت و لایەنێکی پەیوەندیدار بابەتەکان و ئەو کارانەی حکومەت لە وەزارەتەکانیان ئەنجامی داوە بخەنە روو بۆ ئەوەی خەڵک بەرچاوروونی زیاتری هەبێت لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت".












خه ليل بله يى
Top