نێچیرڤان بارزانی: چاومان لەوەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا پاشکەوتی مووچە بە تەواوی نەهێڵین
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی درووستکردنی جووت ساید لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش ڕای گەیاند، دەست پیکردنی پڕۆژەی درووستکردنی ڕێگەی ڕووڤیا - گۆپاڵ ڕادەگەیەنین کە لەلایەن پارێزگای دهۆکەوە سەرپەرشتی دەکرێ و نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج کراوە و ٢٢ کیلۆمەتری جووت ساید و ٦ ئۆڤەر پاس و ٨ جێگەش بۆ پەڕینەوەی ئاژەلان دانراوە کە سەرجەم کارەکان لە ماوەی ٩٠٠ ڕۆژدا تەواو دەکرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەم سنوورە مەڵبەندی پێگەیاندنی هەزاران خەباتگێڕە و پێشتر ئەم ناوچانە لەلایەن ڕژێمی پێشوو بە تەواوی پشتگوێ خرابوون، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی جۆراوجۆری لەم دەڤەرە ئەنجام داوە، هەرچەندە بەپێی پێویستییەکانی ناوچەکە نەبوون، بەڵام ئەم پڕۆژانە سەرەتای دەست پێکردنەوەی پڕۆژەی زیاتر دەبن بۆ دەڤەرەکەتان. حکوومەت پلانی هەیە بۆ بووژاندنەوەی ئەم ناوچانە. پلانی ئەوەشمان هەیە لە پڕۆژەکانی ئەم دەڤەرە، حکوومەت و کۆمپانیاکان زیاتر سوود لە تواناکانی ناوچەکە وەربگرن“.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەی ئاشکرا کرد، دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئێستا تارادەیەک هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا درووست بووەتەوە. باشتربوونی دارایی حکوومەتی هەرێم بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو، وادەکات پێداچوونەوە بە ئیدارەی دەڤەرەکە بکەن. گوتیشی: ”بەهۆی شەڕی داعش و خەرجییەکانی شەڕ و هاتنی نزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان، بڕینی بودجەی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٢٥ دۆلار، حکوومەت کەوتە دۆخێکی ئەوتۆ کە تەنیا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان نەوەستن و ئارامی و بژێویی خەڵک دابین بکات، بەمەش پڕۆژەکان بە تەواوی وەستان، ئینجا درووستکردنی کێشەی سیاسیی ناوخۆ و سستکردنی کاری حکوومەت بە ئامانجی سیاسی و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت، لە دۆخێکدا دەبووایە هەموو لایەک ئاسایشی کۆمەڵایەتی بپارێزن و کێشەی حزبەکانیان وەلا بنێن، کەچی هەر درێژەیان پێ دا، بەڵام بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرانی خۆڕاگری کوردستان و وڵاتانی دۆست لە جیهان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوونی شەرعیی خۆی پاراست و مایەوە و ئابڵووقەکانی تێکشکاند. ئامانجی سەرەکیمان دابینکردنی ئاسایش و بژێویی خەڵکە. هەر لەگەڵ باشتربوونی دارایی حکوومەت، پاشەکەوتی مووچەمان کەم کردەوە و چاومان لەوەیە لە ماوەیەکی نزیکدا بە تەواوەتی نەیهێڵین“.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە لە تونێڵێکداین کە لە کۆتاییەکەدا ڕووناکی دەبینین، ئەو ڕووناکییە بەدەست نەدەهات ئەگەر فەرمانبەرانمان تێگەیشتنیان نەبووایە و ئەو هەموو ماوەیە بەبێ مووچە و بە ڕەوشێکی خراپ خۆیان ڕاگرت، سوپاسیان دەکەم“.
باسنيوز
