لە سنووری لقی ١٦ زیاتر لە ھەزار كەس پەیوەندییان بە پارتییەوە كرد

 	 لە سنووری لقی ١٦ زیاتر لە ھەزار كەس پەیوەندییان بە پارتییەوە كرد
بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەوروبەری ھەولێر گوتی، ئەو خەڵكەی لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییان بە چەند لایەنێكەوە كردبوو، ھەموان پەیوەندییان بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ھەزار كەس پەیوەندییان كردووە و بەرپرس و ئەندام و لایەنگری ھەموو لایەنەكانیشیان تێدایە.



پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ١٨٣ و بە دروشمی بنیاتنانی كوردستانێكی بەھێز، دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان كردووە و ھەموو چین و توێژەكانیش پێشوازییەكی گەرم لە لیستی پارتی دەكەن و، بەردەوامیش ئەندام و لایەنگرانی لایەنەكانی دیكە پەیوەندی بە ڕیزەكانی پارتییەوە دەكەن.



سەبارەت بەو پرسە، بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەوروبەری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بانگەشەی لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، زۆر بە گەرموگوڕی بەڕێوە دەچێت و، ھەموو چین و توێژەكان پێشوازییەكی گەرم لە لیستی پارتی دەكەن و ڕۆژ بە ڕۆژیش جۆش و خرۆشی خەڵك بۆ لیستی پارتی زیاترە، بۆیە گەشبینین كە پارتی ئەم جارە دەنگی زۆر بەدەست دێنێت".



ئیسماعیل گوتیشی: "ئەو خەڵكەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ڕۆیشتبوونە ناو لایەنەكانی دیكە، ئێستا ئەوانە ھەمووی پەیوەندی بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكەن، كە بەرپرس و ئەندام و لایەنگری ھەموو حزبەكانیان تێدایە، بە تایبەت لایەنە نوێیەكان، بۆ نموونە لە یەك شوێن ٣٠ چاودێری سندووقەكانی دەنگدانی گۆڕان پەیوەندییان بە ئێمەوە كردووە، بۆیە تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ھەزار كەس لە ھەموو لایەنەكان پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە".
kdp-
Top