لایەنگرانی پارتی لە هەولێر بە حەماسەوە چاوەڕێی کەرنەڤاڵەکەی سبەی دەکەن
بەرپرسانی مەیدانیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، خۆیان بۆ ئەنجامدانی گەورەترین کەرنەڤاڵی حزبەکەیان ئامادە دەکەن کە بڕیارە سبەی سێشەممە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٨، لە یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری و هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان بەڕێوە بچێت. جەختیش لەوە دەکەنەوە کە لایەنگرانی پارتی لە هەولێر بە حەماسێکی زۆرەوە چاوەڕێی کەرنەڤاڵەکە دەکەن و دەیان هەزار کەس بەشداری تێدا دەکەن.
لەمبارەیەوە ساسان عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ڕايگەیاند: "ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن و دەمانەوێت کەرنەڤاڵی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ لیستی ١٨٣ لە ھەولێری پایتەخت، بە جوانترین و ڕێکوپێکترین شێوە بکرێت، بۆ ئەوەش چەندین لێژنەی تایبەتمەند دروست کراوە و کاری تێدا دەکەن".
ئەوەشی نەشاردەوە، پارتی لە جەماوەری خۆی و خەڵکی کوردستان دڵنیایە کە دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دەدەن، چونکە ”پشت ئەستوورین بەو کار و خزمەتانەی لە ھەموو بوارەکاندا کردوومانە، ھەم لە بەرگریکردن و پاراستنی خەڵک و ھەم ئاوەدانیی کوردستان".
باسنيوز
