ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرن

 ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرن
ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی کردەوە و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نامەیەکی ئاوەڵایان ئاراستەی حەفتاو سێیەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

لە بەشێک لە نامەی ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانداهاتووە: " کار بکرێت و مێکانیزمێک دیاری بکرێ بۆ ئەوەی بەر بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و پێشێلکاریییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران بگیرێت".

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا جەخت کراوەتەوە: "هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی سیستماتیک کە ئەو ڕێژیمە بەڕێوەی دەبا، تەنانەت خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگەی کرماشانیشی گرتووەتەوە و بووە بە هۆی ئەوە دەسەلاتداران و دامو دەزگا حکوومەتیەکان، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو دا، ئەو پەڕی کەمتەرخەمی لە پێڕاگەیشتنی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو دا لە خۆیان نیشان بدەن".

دەقی نامەکە:

بەڕێز ماریا فێرناندێز، بەرپرسی حەفتاو سێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان!

لە گەڵ ڕێز و سڵاو،

بە زوویی حەفتاو سێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێدەکات و بە پێی بەرنامەیەک کە دانراوە، بڕیار وایە حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، رۆژی چوارشەممە ٢٦ی سێپتەمبەر لەم کۆبوونەوەیەدا قسە بکات.

ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێویستی دەزانین لێرەدا کار بکرێت و مێکانیزمێک دیاری بکرێ بۆ ئەوەی بەر بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و پێشێلکاریییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران بگیرێت. چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە ، ڕووحانی و دەسەڵاتەکەی بەرامبەر بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوەوەو یاغیگەرییەکانی لە دەرەوەی وڵات، بە بەرپرس بزانێت.

رۆحانی وەک سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا لەم دانیشتنەدا وتار دەدات کە ئەم ڕێژیمە سەرچاوەی قەیرانی جۆراوجۆر لە نیوخۆی وڵات و هۆکاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بوارەکان بە تایبەتی لە هەردوو بواری ژیانی سیاسی و ئابووریی خه لك و، هەر لەو کاتەش دا هۆکاری بشێوی و نائارامی لە ناوچەکە دایە. ئێعدام وەک سزایەکی یاسایی لە ئێران بەردەوام جێبەجێ دەکرێت و ئێعدامی سیاسی و جیاوازیدانانی نەتەوەیی بەرامبەر نەتەوەکانی کورد،عەرەب، بەلووچ و ئازەری و، هه روه ها کوشتنی جیاوازبیران بە شێوەی سیستماتیک لەم وڵاتە خراپتر لە پێشوو بەڕێوە دەچێت. ئەمەش لە حاڵێک دایە كە ئێران وڵاتێكی فرەنەتەوەیە و پێویستە مافی هەموو نەتەوەكان وەک یەک بپارێزرێت.

لە ساڵی ٢٠١٣ بە دواوەو دوای هەڵبژێرانی رووحانی بە سەرۆک کۆمار، شەپۆلی ئیعدامەکان ٥١ ٪ زیادی کردوە. هەروەها گوشاری گەورە لە سەر چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژینگەپارێزی لە ئێران و کوردستان هەیە. هەر لە ئەساسدا ئەم دەسەڵاتە چ بە گوێرەی یاساکانی و هەر وەها بە پێی داڕشتە و پێکهاتەکەی، سروشتێکی دژ بە مافی مرۆڤی هەیە. هەروەها سەرنجتان بۆ ئەوە رادەکێشین کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە پێی ئامارەکان، ٨٦ کۆڵبەر لە سنوورەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. لە ٦ مانگی یەکەمی سالی ٢٠١٨یشدا ١٠٤ کۆڵبەر لە سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لە دەست داوە . هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی سیستماتیک کە ئەو ڕێژیمە بەڕێوەی دەبا، تەنانەت خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگەی کرماشانیشی گرتووەتەوە و بووە بە هۆی ئەوە دەسەلاتداران و دامو دەزگا حکوومەتیەکان، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو دا، ئەو پەڕی کەمتەرخەمی لە پێڕاگەیشتنی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو دا لە خۆیان نیشان بدەن.


لە ماوەی پێنج ساڵ سەرۆک کۆماریی رووحانی‌دا خەڵکی ئیران بەرەوڕووی کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری بوونەتەوە. دەسەڵات لێبڕاوە بەردەوام بێت لە سەر گوشار خستنەسەر شارۆمەندانی ئێران، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، یاساناسان و پارێزەران، مامۆستایان، کرێکاران، چالاکانی ژینگەپارێزی، رووناکبیران، رۆژنامە نووسان و هەموو ئەوانەی بوێریی ئەوەیان هەیە رەوایی و مەشرووعیەتی ئەم دەسەڵاتە ببەنە ژێر پرسیارەوە. چالاکانی بواری ژنان بەردەوام لەژێر هێرش و گوشاری ئەم دەسەڵاتەدان و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر و زیندانی دەکرێن و لە راستییدا جیاوازیی و هەڵاواردنێکی زۆری جنسییەتی بە پێی یاسا ئێسلامییەکان لە ئێران هەیە.

دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا و یەک لەوان دەوڵەتی ڕۆحانی دەوری بەرچاویان گێڕاوە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خەڵک دا و، بە توندی رووبەڕووی هەر چەشنە جووڵە و ناڕەزایەتیدەربڕینێکی هێمنانەش دەبنەوە.

رۆژی ١٢ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ مانگرتنێکی بەرفراوان زۆربەی زۆری شارە کوردییەکانی کوردستانی ئێرانی گرتەوە. ئەم مانگرتنە سەرانسەرییە ، ناڕەزایەتی دەربڕینێکی گشتی بوو بەرامبەر ئیعدامی سێ لاوی کورد و هەروەها مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دیمۆکرات لە شاری کۆیە له باشووری کوردستان کە بە هۆیەوە ١٦ کەس گیانیان لە دەست دا و ٤٠ کەس بریندار بوون. دوا بە دوای مانگرتنە گشتییە، ١٢ کەس لە چالاکانی مەدەنی و کەلتووری لە شارەکانی کوردستان دەستگیر کراون و تا ئێستە لە زیندانەکانی رێژیم دان و بێ سەرو شوێنن. ئەمەش لەدرێژەی کردەوەی تیرۆریستی و خراپکارانەی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دەرەوەی ولات بە دژی هیزەکانی ئوپوزیسیۆنی کورد و ئێرانی دایە.










باسنيوز
Top