ئازاد تۆفێق: بۆ پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە دیاری کراوم
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری نوێی هەڵەبجە ڕايگەیاند: "پۆستی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری ناوخۆ واژۆی لەسەركراوە، هەروەها من بۆ ئەو پۆستە دیاری كراوم".
ڕاشی گەیاند: "دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە فەرمی وەك پارێزگاری هەڵەبجە دەستبەكار دەبم و پلان و بەرنامەی خۆمم هەیە بۆ خزمەتكردنی پارێزگای هەڵەبجە، بێگومان هەر كاتێك وەك پارێزگار دەستبەكار بووم، ئەوكاتە هەوڵی ئەوە دەدەم بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم چین و توێژەكانی پارێزگای هەڵەبجە بكەم".
ئاماژەی بەوەش دا: "خەڵكی هەڵەبجە شایستەی ئەوەیە بە باشترین شێوە خزمەت بكرێن، بۆیە هەوڵی ئەوە دەدەم لەڕێگەی هەلیكار و پڕۆژەی خزمەتگوزراییەوە خزمەتی پارێزگای هەڵەبجە بكەم".
یەکەم پارێزگاری هەڵەبجە دوای بە پارێزگابوونی عەبدوڵا نەورۆڵی بوو کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بوو و دواتر لەلایەن یەکێتییەوە ئەو پۆستە وەرگیرایەوە و ئێستا لەلایەن "عوسمان عەلی"یەوە بە وەکالەت کاروباری پارێزگای هەڵەبجە ڕایی دەکرێت.
پارێزگای ھەڵەبجە یەکێکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە ناوەندەکەی شاری ھەڵەبجەیە. ئەم پارێزگایە لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٤دا و سێ ڕۆژ بەر لە یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە واژۆ کرا و ڕێکەوتی 2014/3/16 لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی وکردستان بوو، بڕیاری بە پارێزگاکردنی بە فەرمیی واژۆ کرا و ڕاگەیەندرا و بەمەش بووە چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان.
هەرچەند لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە نامە فەرمییەکاندا هەڵەبجە وەک پارێزگا ناسراوە و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە فەرمی پەسەندی کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بەبێ هیچ هۆیەک بە فەرمی دانی پێدا نەناوە و وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ناکات و کارە یاسایی و ئیدارییەکانی ماوە، هەرچەند ئەمساڵ شەش بەڕێوەبەرایەتیی گرنگ لەو پارێزگایە فەرمانی دەستبەکاربوونیان درا.
باسنيوز
