پسپۆڕێکی نەوت: شانازیی سەرخستنی کەرتی نەوتی ھەرێم بۆ پارتی دەگەڕێتەوە

پسپۆڕێکی نەوت: شانازیی سەرخستنی کەرتی نەوتی ھەرێم بۆ پارتی دەگەڕێتەوە
یەکێک لە ھەنگاوە سەرکەوتووەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تیمی پارتی لە ناو حکوومەت سەرخستنی کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بوو، پسپۆڕێکی کەرتی نەوتیش پێی وایە شانازییەکە بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، تەنیا لە پارەی نەوت توانراوە نزیکەی سەد نەخۆشخانە دروست بکرێن.



دکتۆر سیروان عەرەب، پسپۆڕی کەرتی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "شانازیی دەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و تیمەکەی پارتی دەگەڕێتەوە لە ناو حکوومەت، چونکە پارتی بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانی توانی ھەرێمی کوردستان بکات بە خاوەنی سەرچاوەی سرۆشتیی خۆی، کە ئەگەر ئەو نەبوایە چەندین ساڵی دیکەش ھەرێمی کوردستان ئەو توانایەی نەدەبوو، لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆسەی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، واتە گرووپی پارتی بووە ھەموو توانایەکی خستووەتە گەڕ نەوت وەک کاڵایەکی ستراتیژی بەکار بێنێت بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەوەشدا پارتی زۆر سەرکەوتوو بووە، ھەتا بووەتە ھۆی ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چیی دیکە نەکەوێتە ژێر گوشاری حکوومەتەکانی عێراقەوە کە ھەموو کات بەغدا ھەوڵی داوە ئابووریی ھەرێمی کوردستان ئابوورییەکی پاشکۆیی بێت و لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بێت و ھەرکاتێک بیانەوێت بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان ببڕن."



لە قۆناغی سەرەتای دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زۆر کەس و لایەن پێیان وابوو ھەرێمی کوردستان ئەو توانایەی نییە وەبەرھێنان لە کەرتی نەوتدا بکات و بەغداش ڕێگری دەکات، بەڵام دواتر دەرکەوت ھەرێمی کوردستان وەک وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت سەرکەوت و لە کاتی بڕینی بودجەی ھەرێمی کوردستاندا بەرھەمی نەوت فریای ئەو گەلەکۆمەکییە ئابوورییەی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپێندرابوو، کەوت. ئەو پسپۆڕەی کەرتی نەوت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پارتی و نێچیرڤان بارزانی ھەنگاوێکی بوێرانە و ژیرانەی ناوە لە بواری نەوتدا، ئەمەش دروست لە ساڵی ٢٠١٤ بەدیار کەوت، کاتێک حکوومەتی عێراق بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، ئەگەر نەوتی ھەرێمی کوردستان نەبوایە خەڵکی ھەرێمی کوردستان تووشی تەنگژەیەکی زۆر گەورە دەبوون، بەڵام بە ھۆی سیاسەتی حەکیمانەی پارتی توانرا پێگەی کوردستان بەھێز بکرێت و بەسەر قەیرانی داراییدا سەرکەوین."



سەرەڕای ڕێگری و ئاستەنگەکانی بەغدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانای بەرزرکردنەوەی بەرھەمی نەوتی خۆی گەیاندە ئاستێک کە بتوانێت پشت بە داھاتی ناوخۆ ببەستێت و پاشەکەوتی سەر مووچەی فەرمانبەران کەم بکاتەوە. دکتۆر سیروان عەرەب ڕوونی کردەوە: "سەرەتا نزیکەی پەنجا ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکرا، بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ ٣٥٠ ھەزار بەرمیل بەرھەمی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کەرتەکانی ژیان ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستیدا ڕۆڵی ھەبووە."



دکتۆر سیروان عەرەب ئەوەیشی ئاشکرا کرد: "بەر لە بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی کوردستان، ئێمە تەنیا ٣٤ نەخۆشخانەی گشتیمان لە ھەرێمی کوردستان ھەبوون، بەڵام دوای فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ئێستا ژمارەی نەخۆشخانەکانی گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢٠ نەخۆشخانە. لەبەر ئەوەش، لای ھەموان ڕوونە ئەو شانازییە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە و لە داھاتووش نەوت زیاتر دەبێتە ھۆی خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لەسەر ھەموو کەرتەکانی ژیان دەبێت."



kdp-
Top