عەلی تەتەر: سێ ھەزار ئەندامی ھاوپەیمانی هاتنە نێو ڕیزەکانی پارتی

 عەلی تەتەر: سێ ھەزار ئەندامی ھاوپەیمانی هاتنە نێو ڕیزەکانی پارتی
لە سنووری قەزای زاخۆ زیاتر لە سێ ھەزار ئەندامی حزبی ھاوپەیمانی گەیشتنە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی ھەشتی پارتیش دەڵێ، خەڵکی بۆیان ڕوون بوووەتەوە کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرێت و تەنیا پارتییە خزمەتی میللەت دەکات.



عەلی تەتەر، بەرپرسی لقی ھەشتی پارتی لە زاخۆ ئاشکرای کرد: "لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چوار ھەزار کەس لە زاخۆ پەیوەندییان بە حزبەکەی دکتۆر بەرھەم ساڵحەوە کردبوو، بەڵام دوای ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ خەڵکی ڕوون بووەوە کڕین و فرۆشتن بە دەنگەکانیانەوە دەکرێت و ئەوەی بەرگری لە خەڵکی کوردستان دەکات ھەر پارتییە، لەبەر ئەوەش، زۆرینەی ئەندام و لایەنگرانی ھاوپەیمانی پەشیمان بوونەتەوە لەوەی دەنگیان بە پارتی نەداوە و چوونەتە ناو ئەو حزبەوە."



بەرپرسی لقی ھەشتی زاخۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "بەر لە چەند ڕۆژێک پێشوازیمان لە ٤٠٠ ئەندام و لایەنگری حزبی ھاوپەیمانی کرد و ئەمڕۆش ١٥٠ کەسی دیکە سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو ڕیزەکانی پارتیمان و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا بە ھەمانشێوە ژمارەیەکی بەرچاو ئامادەییان پێشان داوە، دەتوانم بڵێم زیاتر لە سێ ھەزار ئەندامی حزبی ھاوپەیمانی سەنگەریان گواستووەتەوە بو ناو پارتی و بەڵێنیان داوە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی درێژە بە خەبات بدەن."



عەلی تەتەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوانەی دێنە ناو ڕیزەکانی پارتیمان لە حزبەکەی دکتۆر بەرھەم و ھاوپەیمانی بەبێ بەرامبەرە و تەنیا مەبەستیان ئەوەیە بیر و باوەڕیان بە سیاسەتی پارتی ھەیە و دڵنیابوون لەوەی جگە لە پارتی کەس ناتوانێت خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات و بەرگرییان لێ بکات"
kdp-
Top