عارف ڕۆشدی: مەبەستی پارتی لە وەرگرتنی سەرۆککۆمار بۆ ئەوەیە بەرگری لە کوردستان بکات

عارف ڕۆشدی: مەبەستی پارتی لە وەرگرتنی سەرۆککۆمار بۆ ئەوەیە بەرگری لە کوردستان بکات
پارتی ڕژدە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بە پێی ھەموو پێوەرەکانیش ئەو پۆستە پشکی کوردە و لە نێو کوردیش بۆ پارتییە. ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێ، لەبەر ئەوە پێداگیری لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن تا بتوانن لەو ڕێگایەوە نەھێڵن جارێکی دیکە پێشێلکاری بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بکرێت.



عارف ڕۆشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "تا ئێستا پارتی ھیچ کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەستنیشان نەکردووە، چونکە پارتی چاوەڕێی ئەوە بوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتی یەکێتی بگاتە ڕێککەوتن و کەسایەتییەک بە ڕێککەوتن دیاری بکرێت، بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پارتی لە ھەموو لایەنەکانی دیکە موستەحەقترە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، لەبەر ئەوەی ئێمە تێبینیمان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ھەیە لە بەغدا، چونکە ھەتا ئێستا ئەو پۆستە ھیچ خێرێکی بۆ خەڵکی کوردستان تێدا نەبووە و دەشڵێن، پۆستێکی تەشریفاتییە، لەگەل ئەوەشدا کۆمەڵێک دەسەڵات لای سەرۆککۆمارە و سەرپەرشتیاری دەستوورە، لە ڕابردوودا زۆر شت لە لایەن بەغداوە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کران، بەداخەوە سەرۆککۆمار نەیتوانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت."



ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕوونی کردەوە: "ئەگەر لە پێشوودا پۆستی سەرۆککۆمار لای پارتی بوایە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدەدا ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی کران بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێن، لەبەر ئەوەی پارتی لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان سازش ناکات."
kdp-
Top