سەرۆک بارزانی بۆ پارتییەکانی سلێمانی: ئێوە نموونەی خۆڕاگرین

 سەرۆک بارزانی بۆ پارتییەکانی سلێمانی: ئێوە نموونەی خۆڕاگرین
لە کەرنەڤاڵە جەماوەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و ئەوەی ڕاگەیاند کە دەبێ لە هەموو شوێنێکی کوردستاندا قۆرخکاری کۆتایی پێ بهێندرێت.

سەرۆک بارزانی لە میانی وتارەکەیدا لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری سلێمانی، ئەوەی ڕاگەیاند کە دەبێت لە هەموو شوێنەکانی کوردستاندا قۆرخکاری کۆتایی پێ بهێندرێت و ”مەعلوومە لە کوێدا قۆرخکاری هەیە“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتییەکانی شاری سلێمانی لە سەردەمی زەعیم سدیقەوە ڕووبەڕووی بێبەشکردن و کۆمەڵێک کێشەی گەورە کراونەتەوە، بۆیە ”ئێوە نموونەی خۆڕاگرین و هاتووین لە ئێوەوە فێری خۆڕاگری ببین“.


ئەمەش دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانییە:


بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خوشک و برایانی خۆشەویست

هەڤاڵانی بەڕێز

جەماوەری خۆڕاگر


زۆر زۆر خۆشحاڵم کە ئیمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام لە شاری سلێمانی خۆشەویست.

سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەین، سوپاسی دڵسۆزی و وەفاداریتان دەکەین

ئێوە نموونەی وەفاداری و دڵسۆزی و خۆڕاگرین

بەڕێزان


چەند ڕۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز هەڵبژاردنێک کە ئەگەر خوا فورسەتی دا و پارتی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، گۆڕانکارییەکی گەورە و چاکسازییەکی گەورەش دەکات. بۆیە لە ٣٠ی ئەیلوول وەک هەمیشە ڕۆڵی خۆتان ببینن و ئەو دەرفەتە بۆ خۆتان و بۆ پارتەکەتان بڕەخسێنن.

لە مانگی ئایاری ڕابردوو هەڵبژاردنێکی تر بۆ پەرلەمانی فیدرالی بەغدا کرا، ئەو هەڵبژاردنە گرنگییەکەی لەوەدا بوو کە سەنگی پارتی دەرکەوێت، زۆر کەس خۆیان ئامادە کردبوو کە کۆتایی پارتی ببینن، بەڵام بەهیممەتی ئێوەی قارەمان لە سەرانسەری کوردستان، جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی وایانکرد کە پارتی ببێتە حزبی ژمارە یەک لە سەر ئاستی هەموو عێراق، ئەو ئامانجەی ئێوە هاتە دی، سەنگی پارتی دەرکەوت و ئێستا هەموو لایەک دەزانن کە پارتی یەعنی چی؟ پارتی تەمسیلی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات. وە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا باشتر بکرێ و چارەسەری گرفتەکان بکرێ. ئێمە پێمان خۆشە و ئامادە بووین و حەزمان کردووە گرفتەکان بە تێگەیشتن و خۆشی چارەسەر بکەین، بەڵام مانای وا نییە پاشەکشە لە ئامانجەکانی خۆمان دەکەین.

هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول چارەنووسسازە، بۆ ئەوەیە دەرفەت بۆ پارتی بڕەخسیت، وەک ئەوەی دەیەوێ و پێویستە و هەقی خۆتانە، خزمەتی ئێوە بکات. ئێمە بەڵێنی ئەوەتان پێ دەدەین کە ڕاستگۆ بین لەگەڵتان و هەرچی لەدەستمان بێ و پێمان بکرێ بۆ خزمەتی ئێوە درێغی نەکەین.

سوپاس و پێزانینی خۆم و هەموو هەڤاڵانم لە سەرکردایەتیی پارتی بۆ پارتییەکانی ئەم دەڤەرە، چونکە زۆر چاک ئێمە ئاگاداری مەعاناتی ئێوەین هەر لە زەمانی زەعیم سدیقەوە تائیمڕۆ، تیرۆر و تۆقاندن و بێبەشکردن بەشی ئێوە بووە لەم دەڤەرە، بەڵام خۆڕاگر بوون و هاتووین لە ئێوە فێری خۆڕاگری ببین، خۆڕاگریی ئێوە جێگەی شانازییە و شانازیتان پێوە دەکەین. دەبێ کۆتایی بەم دۆخە بێت. ئەم دۆخە نالەبارە، کوردستان بۆ هەموو کوردستانییانە، دەبێ قۆرخکردنی دەسەڵات لە هەموو شوێنێک کۆتایی بێت، مەعلوومیشە لە کوێ قۆرخکردنی دەسەڵات هەیە، ئێمە دەمانەوێ دەوڵەتی یاسا دابمەزرێ و هاووڵاتییان یەکسان بن و هەموویان بە مافەکانیان شاد بن و میزاجی شەخس تەحەکوم بە چارەنووسیان نەکات. مەحاڵە قەبوڵ بکرێ جارێکیتر تەعەدا لە پارتی و مەقەراتی پارتی و خەڵکی هەژاری پارتی بکرێ لەم دەڤەرە.

خاڵێکی زۆر گرنگە، ئەمە دەبێ لەبەرچاوی ئەو هەڤاڵانە بێت کە سەرپەرشتیی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن و لە سەر سندووقەکان دەستنیشان کراون، لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لە کاتێکی دیاریکراو هەندێک لە چاودێران سندووقەکانیان جێهێشتووە، ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە، ئەمجارە داوا دەکەم یەک سندووق جێنەهێڵن و مەجال نەدەن فێڵ بکرێ، مەحاڵە قەبوڵ بکرێت پەنجە بۆ یەک چاودێریش درێژ بکرێت یان تەهدید بکرێن.

باسی ناوماڵی کوردی و یەکڕیزی زۆر دەکرێت، بەڵێ وابزانم هەمووتان ئەو شایەدییەمان بۆ دەدەن کە هەرچی لە تواناماندا بووە، کردوومانە بۆ ئەوەی ناوماڵی کورد یەک بێ و پارێزراو بێ، بەڵام ئەوە دەبێ بە هەمووان بکرێ، ئێمە ستراتیژ و ئامانجی خۆمان هەیە، کێ لەگەڵمان هاوڕا بێت، لەگەڵیدا تەباین و یەکماڵین، ئەوانەی دژی ئەو ئامانجە بن، زەحمەتە یەکڕیز و یەکماڵ بین.

ئێمە خاوەن قەزیەیەکی رەواین، ئێوە سەلماندووتانە کە لە پێناوی ئەو ڕێباز و قەزیەیەدا عەزیزترین کەسانی خۆتان، ئازیزترین کەسانی ئێوە و ئێمە گیانی خۆیان بەخت کردووە، ئەویش نیشتمانە کوردستانە. من بەپێویستی نازانم ئێوە زۆر لەوە ئاگادارترن و دڵسۆزترن کە من بێم لێرە داواتان لێ بکەم دەنگ بە لیستی ١٨٣ بدەن. ئێوە خۆشەویستی ئێمەن، زۆر چاک لە موعاناتی ئێوە تێدەگەین، بەڵام ئیشەڵا دوای ٣٠ی ئەیلوول، ئیتر کۆتایی بەو موعاناتە دێت.


لە کۆتاییدا من نامەوێ ئێوە لەبەر ئەو گەرمایە زۆر ڕابگرم.



سڵاوی گەرم بۆ هەمووتان

سڵاو بۆ شەهیدان

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سڵاو بۆ خانەوادەی شەهیدان

سڵاو بۆ خۆڕاگریی ئێوەی قارەمان

داوای سەرکەوتنیش بۆ کاندیدە بەڕێزەکان دەکەم و سەرکەوتوو بن، ئیشەڵا نوێنەری ڕاستەقینەی ئێوە دەبن و بەرگرییەکی تەواویش لە مافەکانی ئێوە دەکەن. زۆر سوپاستان دەکەم و مەمنون و سوپاس بۆ وەفاداری و دڵسۆزی و خۆڕاگریتان، هەر سەلامەت و هەر سەرکەوتوو بن.










باسنيوز
Top